رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا رایدەگەیەنێت، سەرنجیان لەسەر بەشداریی هەموو هەڵبژاردەیەک لە مۆندیالی داهاتوو دەبێت. ئەم هەڵوێستە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دێت و فیفا دەیەوێت دڵنیایی بدات، هەموو هەڵبژاردەکان بەبێ گرفت بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەن.
بەپێی میدیاکان، دوای هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی ئێران، نیگەرانییەکان لەبارەی بەشداریی ئەو وڵاتە لە مۆندیال زیادیان کردووە. ئێران چوارەم جارە دەگاتە پاڵەوانێتییەکە و بڕیارە لە مانگی 6ـی 2025 یارییەکانی بەرامبەر نیوزیلاند و بەلجیکا لە شاری لۆس ئەنجلس و بەرامبەر میسر لە شاری سیاتڵ ئەنجام بدات.
ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیفا، لەبارەی کاریگەریی گرژییەکان لەسەر مۆندیال گوتوویەتی "ئێمە چاودێریی پەرەسەندنەکانی دەوروبەری هەموو پرسەکانی جیهان دەکەین". ئاماژەی بەوەشکرد "ئامانجمان هەبوونی مۆندیالێکی ئارامە و دەمانەوێت هەمووان تێیدا بەشداربن".
پێشتر لە مانگی 6ـی 2025 بڕیارێکی قەدەخەی گەشتکردن لەسەر هاونیشتمانییانی چەندین وڵات، بۆ ئەمەریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکرا، بەڵام بەپێی ئەوە ئاشکراکرابوو، وەرزشوانان و ئەوانەی بۆ مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد دەچنە ئەو وڵاتە، لەو بڕیارە بواردرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵی رابردوو بەشێک لە ئەندامانی شاندی ئێران، کە دەبوو بەشداریی لە تیروپشکی مۆندیالی داهاتوو بکەن، لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە ڤیزایان پێنەدرا و بەرپرسانی ئەمەریکاش رایانگەیاند، هەر بڕیارێکی ڤیزا پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.
ئەمیر قەلعەنوی، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لەبارەی ئەو پرسەوە گوتی "هەمووان و فیفا هەوڵدەدەن. وەک بەڵێنیان داوە، ئەوان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تاوەکو هەموو تیپەکە و یاریزانەکان لە مۆندیال ئامادەبن".
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بەرەبەیانی دوێنێ شەممە دەستیپێکرد، کاریگەریی لەسەر وەرزشی ناوچەکە دروستکردووە. خولەکانی تۆپی پێ لە ئیسرائیل و قەتەر راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ