ئەورووپا گەڕێکی دیکەی پاڵاوتن بۆ گەیشتنە مۆندیال ئەنجامدەدات

09-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە مۆندیال هۆڵەندا هەڵبژاردەی کرواتیا مۆندیال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕێکی دیکەی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتووی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەستپێدەکات. گرنگترین یاریی ئەمڕۆ، بەریەککەوتنی نێوان هەڵبژاردەکانی چیک و کرواتیایە کە پێشەنگی کۆمەڵەی دوازدەیەمی کیشوەرەکەن.
 
سەرجەم هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەورووپا، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، دوو یاریی لە پاڵاوتنەکان ئەنجامدەدەن و چارەنووسی چەندین هەڵبژاردە یەکلایی دەبێتەوە.
 
هەڵبژاردەکانی چیک و کرواتیا کە بە 12 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گرتووە، دەیانەوێت هاوبەشیی پێشەنگی کۆمەڵەکە لە یارییەکەی ئەمشەودا کۆتایی پێ بێنن. بەتایبەت کە چیک یارییەکی زیاتر ئەنجامداوە.
 
کرواتیا چاوی لەوەیە زوو کاروانی گەشتەکەی بەرەو مۆندیالی داهاتوو یەکلایی بکاتەوە و سەرکەوتن بۆ پاڵەوانێتییە جیهانییەکە مسۆگەر بکات، تاوەکو درێژە بەزنجیرەی بەشدارییەکانی لە مۆندیال بدات کە لە دوای سەربەخۆبوونەوە لە ساڵی 1991 لە کۆی حەوت مۆندیالدا، شەش جار بەشداریی کردووە.
 
لە یارییەکی دیکەی ئەمڕۆی پاڵاوتنەکاندا، سکۆتلەندا رووبەڕووی یۆنان دەبێتەوە و هەردوو هەڵبژاردەش هێشتا خەونی گەیشتنیان بەمۆندیال زیندووە.
 
سکۆتلەندا بە 4 خاڵ دووەمی کۆمەڵەی سێیەمە و و یۆنان بە 3 خاڵ بەدوایدا دێت. هەر هەڵبژاردەیەک یارییەکەی ئەمشەو بباتەوە، شوێنپێی خۆی لە دووەمی ریزبەندیی کۆمەڵەکەدا قایمتر دەکات. بەڵام پێشەنگی ئەم کۆمەڵەیە کە بەدەست دانیمارکەوەیە، پێناچی ئومێدی زۆری بۆ سەرکەوتنی راستەوخۆی هەریەکە لە سکۆتلەندا و یۆنان هێشتبێتەوە.
 
دانیمارک 4 خاڵی کۆکردووەتەوە و بەهۆی جیاوازیی گۆڵەوە پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە. گەشتێکی ئاسان بۆ بیلاڕووس دەکات کە پلەی ژێرەوەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.
 
لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، فینلەندا و لیتوانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە. فینلەندا بە 7 خاڵ سێیەمی کۆمەڵەکەیە، جگە لە بردنەوە هەر ئەنجامێکی دیکە ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بەمۆندیال زۆر لاواز دەکات. لە کاتێکدا فینلەندا دەیەوێت بە پاڵپشتیی هاندەرەکانی لە هێلسنکی بردنەوە بەسەر لیتوانیادا بەدەست بهێنێت کە زۆر بێهیوایە لەسەرکەوتن بۆ مۆندیال.
 
لە هەمان کۆمەڵەدا، هۆڵەندا چاوی لەبردنەوەیەکی دیکە و زیاتر نزیکبوونەوە لە مۆندیالی داهاتووە.
 
رۆناڵد کومان و یاریزانەکانی ئەمشەو ئەرکیان بەرامبەر ماڵتای پێنجەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە ئاسانە، بەڵام لە تواناکانی ممفیس دێپای گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەکە بێبەش دەبن، بەهۆی نەگەیشتنەوەی بە کەمپی هەڵبژاردەکە لە ئەنجامی ونکردنی پاسپۆرتەکەی لە بەرازیل.
 
لە کۆمەڵەی هەشتەمدا، نەمسا چاوی لە پێنجەم بردنەوەی لەسەریەکە لە کاروانی پاڵاوتنەکان. ئەمشەو ئەرکی بەرامبەر سان مارینۆ ئاسانە کە تاوەکو ئێستا هیچ خاڵێکی لە پاڵاوتنەکاندا بەدەستنەهێناوە.
 
لە هەمان کۆمەڵەدا، بۆسنیا چاوی لە قۆستنەوەی هەلێکی مێژوویی دیکەیە بۆ بەشداریکردنەوە لە مۆندیال. ئەمشەو ئەو هەڵبژاردەیە رووبەڕووی قوبرس دەبێتەوە لە نێو خاکی ئەمەی دواییان.
 
بۆسنیا لە پێنج یاریدا 12 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا قوبرس هیچ ئومێدێکی بەسەرکەوتن بۆ مۆندیال نەماوە.
 
خشتەی تەواوی یارییەکانی ئەمشەو لە پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ مۆندیالی 2026:
 
چیک - کرواتیا 21:45
 
سکۆتلەندا - یونان 21:45
 
بێلاروس - دانیمارک 21:45
 
فینلەندا - لیتوانیا 19:00
 
ماڵتا - هۆڵەندا 21:45
 
نەمسا - سان مارینۆ 21:45
 
قوبرس - بۆسنیا 21:45
 
دوورگەکانی فارۆ - مۆنتێنێگرۆ 21:45
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە