فەرمی.. یاریی زاخۆ و شەبابی سعودی بۆ کاتیکی نادیار دواخرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن شەبابی سعودی یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و شەبابی سعودی، لە جامی کەنداو بۆ یانەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
یانەی زاخۆ لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، یاریی نێوان یانەکەمان و شەباب لە یارییەکانی جامی کەنداو بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. یانەی زاخۆ باس لە هۆکاری دواخستنی یانەکە ناکات، بەڵام هۆکارەکەی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەیە کە لە ناوچەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دروستبووە.
 
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو ئێمەی بەفەرمی لە دواخستنی یارییەکە ئاگادارکردووەتەوە، ئێستا پێویستە بەدوای باشترین رێگەدا بگەڕێین بۆ ئەوەی تیپەکەمان بەبێ کێشە بگەڕێنینەوە.
 
کێشەی گەورەی بەردەم شاندی یانەی زاخۆ ئەوەیە، گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕەوە راگیراون، بۆیە پێویستە یانەکە بەدوای رێگەیەکی وشکانیدا بگەڕێت کە کەمتر زیان بە یانەکە بگەیێنێت و یاریزانەکان ماندوو نەکات.
 
یانەی زاخۆ بەرەبەیانی رۆژی شەممە گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە، ئێوارەی هەمان رۆژ یەکەم مەشق و راهێنانی خۆی لە شارەکە ئەنجامدا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکە.
 
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداودا، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر شەبابی سعودی یاریی بکات، بەڵام شەڕ یارییەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
 
دواخستنی یارییەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان، لەکاتێکدایە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا و چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا، لەگەڵ خولی چەندین وڵاتی ناوچەکە بەهەمان هۆکارەوە دواخراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە