رووداو دیجیتاڵ
فیفا بەفەرمی رایگەیاند فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە بڕیاری بایکۆتکردنی رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 پاشگەزبووەتەوە و شاندێکیان گەیشتووەتە ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوە هات ئەمریکا ڤیزای بە بەشێک لە بەرپرسانی باڵای وەرزشی ئەو وڵاتە نەدا.
فیفا، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد شاندی ئێران بۆ بەشدارییکردن لە رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیال گەیشتوونەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەپێی راگەیێندراوەکەی فیفا، شاندەکە پێکهاتووە لە ئەردەشێر قەلعەنۆیی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران و چەند ئەندامێکی دیکە.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەڕەشەی بایکۆتکردنی رێوڕەسمەکەی کردبوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە حکومەتی ئەمریکا ڤیزای بە هەموو ئەندامانی شاندەکە نەداوە، بەتایبەتی مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، بەرپرسانی کۆشکی سپی جەختیان لەوە کردووەتەوە رەتکردنەوەی بەشێک لە ڤیزاکان پەیوەندی بە بڕیاری ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە. بەرپرسێکی باڵای تایبەت بە مۆندیال لە ئەمریکا رایگەیاندووە: "بەشێک لە شاندەکە ڤیزایان پێدراوە و بەشێکیان رەتکراوەتەوە، هەموو بڕیارێک پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە".
میدیاکانی ئێران پێشتر بڵاویانکردبووەوە، تەنیا چوار ڤیزا لەلایەن ئەمریکاوە دەرکراوە کە بۆ راهێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام داواکاری بۆ سێ کەسی دیکە، لەنێویاندا مەهدی تاج رەتکراوەتەوە.
سەرەتا بەرپرسانی تۆپی پێی ئێران هەڵوێستی تووندیان هەبوو، تەنانەت مەهدی تاج داوای لە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردبوو هەڵوێستی هەبێت و بە میدیای وڵاتەکەی گوتبوو: "هەڵوێستی ئێستای فیدراسیۆن ئەوەیە ئەگەر هەمووان ڤیزا وەرنەگرن، کەس بەشداری لە چالاکییەکەدا ناکات".
سەرەڕای ئەو لێدوانانە، فیفا درەنگانی شەوی پێنجشەممە پشتڕاستیکردەوە شاندی ئێران گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بەشداری لە سیمیناری تیپەکان و تیروپشکەکە دەکەن، فیفا لەمبارەیەوە رایگەیاندووە: "خۆشحاڵین بە گەیشتنی شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بۆ واشنتن و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کارکردنین لەگەڵ فیدراسیۆنەکە بۆ ئامادەکارییەکانی مۆندیالی 2026".
بڕیارە رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی نوێنەری هەڵبژاردەکان ئەنجامبدرێت و سەرەڕای ئاڵۆزییە سیاسییەکان و رێکارە تووندەکانی ڤیزا، ئێران نوێنەرەکانی ناردووەتە رێوڕەسمەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ