ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەبێتە گەورەترین بۆمب لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا

01-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید رۆدریگۆ خولی رۆشنی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەبێتە گەورەترین سوپرایزی میرکاتۆ ئەم هاوینە، کە اینەی نیۆمی تازە سەرکەوتوو بۆ خولی رۆشنی سعودی دەستەوارەیەکی گەورە بۆ گواستنەوەی پێشکێشی ریال مەدرید دەکات.
 
یانەی نیۆمی سعودی بەشێوەیەکی بەهێز هاتووەتە سەر هێڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدریگۆ، هێرشبەری باڵی ریال مەدرید، کە ئەگەر ئەو روویدا دەبێت سوپرایزێکی گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو یانەیەی کە تازە سەرکەوتووە بۆ خولی رۆشنی سعودی، خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکێشکردنی ئۆفەرێکی زەبەلاح بۆ کڕینی ئەستێرە بەرازیلییەکە، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی ئەم میرکاتۆیە.
 
رۆدریگۆ لەبەردەم دەرگای رۆیشتندایە

 

داهاتووی رۆدریگۆ لەگەڵ ریال مەدرید کەوتووەتە ژێر گومانێکی زۆرەوە. دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر ناوی بە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییەوە بەسترایەوە، ئێستا ناوی یانەی نیۆمی سعودی وەک رکابەرێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی دەرکەوتووە، ئەمەش بەپشتیوانیی راستەوخۆی سندوقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودی، کە پڕۆژە وەرزشییەکەی ئەم یانە تازە دامەزراوەیە پارەدار دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی CBS، یانەی نیۆم دەستەوارەیەکی دارایی گەورە ئامادە دەکات بۆ رازیکردنی یاریزانەکە بە چوونی بۆ خولی سعودی، وەک بەشێک لە پلانی بەهێزکردنی ریزەکانی، دوای سەرکەوتنی بۆ خولی پیشەگەران.
 
هەڵوێستی یاریزانەکە ناڕوونە

 

تاوەکو ئێستا، بڕیاری کۆتایی رۆدریگۆ سەبارەت بە داهاتووی دیارنییە. سەرەڕای دەستەوارە داراییە چاوەڕوانکراوەکەی لایەنی سعودی، هێشتا هەڵوێستی یاریزانەکە یەکلایی نەبووەتەوە، بەتایبەتی کە هێشتا لە پلانەکانی ریال مەدریددایە.
 
هاوکات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانییاوە باس لە کەشێکی ئاڵۆز لەپشتی پەردەی یانەکە دەکەن بەهۆی دەستوەردانەکانی باوکی رۆدریگۆوە. 
 
رۆژنامەڤان ماریۆ کۆرتیگانە ئاماژەی بە "ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی" کردووە بەهۆی ئەو گوشارانەی کە باوکی یاریزانەکە دەیخاتە سەر کارگێڕیی یانەکە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
 
هاندەران رەخنە دەگرن و ژمارەکانیش بێ بەزەیین

 

رۆدریگۆ رووبەڕووی شەپۆلێک لە رەخنەی هاندەرانی ریال مەدرید بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئاستە خراپەکەی بەرامبەر یانەی سالزبۆرگی نەمساوی، کە یارییەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دەستپێکرد و دوای هاتنەناوەوەی لە گێمی دووەمدا، نەیتوانی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت.
 
یاریزانەکە لە ساڵی 2019 پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە و گرێبەستەکەی تاوەکو حوزەیرانی 2028 درێژەی هەیە.
 
بەپێی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکت، بەهای بازاڕی یاریزانەکە ئێستا نزیکەی 90 ملیۆن یۆرۆیە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە