هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دەیەوێت فیرعەونەکانیش ببەزێنێت

01-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی لاوانی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە گەڕی دووەمی جامی کەنداو بۆ خوار 21 ساڵ کە یارییەکانی لە شاری ئەبهای سعودیە بەردەوامن، ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 16:30 هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی میسر دەکات.
 
یارییەکە لە یاریگەی شازادە سوڵتان بن عەبدولعەزیز سیتی لە شاری ئابهایە، کە میوانداریی یەکەم وەشانی جامی کەنداو بۆ خوار 21 ساڵان دەکات.
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دوای دوو مانگ ئامادەکاری لە شارەکانی بەسرە، بەغدا لەگەڵ هەولێر بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتی شوێنی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەی کرد. 
 
یارییەکانی جامی کەنداو بە بەشداری 8 هەڵبژاردەیە و یارییەکان بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچن کە بریتیین لە: 
 
کۆمەڵەی یەکەم: سعودیە، قەتەر، کوێت و یەمەن.
کۆمەڵەی دووەم: عێراق، عومان، بەحرێن و میسر. 
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکەدا توانی بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەحرێن بردەوە، هەڵبژاردەی لاوانی میسر بە عومان دۆڕا بە ئەنجامی دوو گۆڵێ بێوەڵام، لاوانی عێراق دەیانەوێت برینەکانی لاوانی میسر قوڵتر بکەن و بەبردنەوەیان گەیشتن بە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی جامی کەنداو مسۆگەر دەکەن.
 
ئەحمەد عەبدولجەبار، یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، بۆ رووداو گوتی "بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و کارمان لەسەر کۆکردنەوەی ژمارەیەک یاریزانی تەمەن بچووکی ئاستبەرز کردووە، ئەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی تەندروست و ئەستێرەی نوێ بۆ چەند ساڵی داهاتوو".
 
رەوان بروسک تاکە یاریزانی کوردە لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، کە لە یاریی یەکەمدا گێمی دووەم بەشداریکرد و ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە