رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە جامی کەنداو لە سعودیە بەردەوامە. یاریگەی هەندرێنی شاری هەولێر دوایین وێستگەی ئامادەکارییەکانی تیپەکەیە بەر لە بەشداریکردن لە جامی کەنداو.
لاوانی عێراق بەسەرپەرشتی ئەحمەد سەڵاحی راهێنەر زیاتر لە مانگێکە ئامادەکاریی دەکات، تیپەکە لە بیست و حەوت یاریزان پێکهاتووە و رۆژی بیست و هەشتی ئەم مانگە لە سعودییە بۆ یەکەمجار بەشداری جامی کەنداو دەکات.
ئەحمەد عەبدولجەبار، یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "سەرەتا تاقیکردنەوەمان بۆ یاریزانان ئەنجامدا کە لە یانەکان یارییان دەکرد، ئەوەی کێشەی ئێمەیە تیپەکەمان لە یاریزانانی لە دایکبووی 2007ـە، بەڵام یاریزانانی وەرزی رابردووی خولی لاوانی عێراق یاریزانی لەدایکبووی 2006 بوون، واتا دەستنیشانکردنی یاریزانان ئاسان نەبوو، دەبێت لەڕووی توانای جەستەیی و هونەری یاریزانان بەشێوەیەکی باش بۆ جامی کەنداو ئامادە بکەین، پێکهاتەی تیپەکەمان لەسەر لێهاتووی جەستەیی و ئاستنەرزی دەسنیشانکردووە".
بیست و حەوت یاریزان بەشداری کەمپی راهێنانی تیپەکەن، دەستەی راهێنەران چاودێرییان دەکەن و بیست و سێ یاریزان دەهێڵنەوە بۆ پێکهاتەی کۆتایی و بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکە.
ئاکام ئارام، ئەستێرەی لاوی یانەی هەولێر، وەرزی ئەمساڵ بە تۆمارکردنی حەڤدە گۆڵ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، درێسی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقی پۆشیوە و خەونی گەورە دەبینێت، رەوەند ئەمین یاریزانێکی دیکەی کوردە و چاوەڕواندەکرێت ئەویش ناوی لە پێکهاتەی کۆتایی تیپەکەدا بێت.
ئەستێرە لاوەکەی هەولێر بۆ رووداوی روونکردەوە "دەمەوێت ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم و ببمە جێگای ئەو متمانەیەی کاپتن ئەحمەد سەڵاحی راهێنەر، کە بەردەوام پاڵپشتی گەورەی من و هەموو یاریزانانە ".
دروستکردنی ئەو تیپە پلانێکی درێژخایەنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە بۆ ململانێکردن لەسەر جامی نەتەوەکانی ئاسیا، پێشتر لاوانی عێراق پێنج جار نازناوەکەی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ