تێن هاگ بۆچی دەرکرا؟

01-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێریک تێن هاگ بایرلیڤەرکوزن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی بەفەرمی دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگی راهێنەری هۆڵەندی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند. میدیای ئەڵمانیا دەڵێت "جگە لەوەی ناکۆکی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە هەیە، زۆر کەمتەرخەمیش بووە و تەنانەت بەر لە یاریی هوفێنهایم هیچ قسەی بۆ یاریزانانی نەکردووە".
 
تێن هاگ، راهێنەری پێشووی ئەیاکسی هۆڵەندی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هاوینی ئەمساڵ مەشقدانی لیڤەرکوزنی وەرگرت و شوێنی چابی ئەلۆنسۆی گرتەوە لە مەشقدانی یانەکە.
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە ماوەیەکی کەم لە یانە ئەڵمانییەکە بەردەوام بوو، لە تەنیا دوو یاریی بۆندێسلیگادا سەرپەرشتی تیپەکەی گرت بەبێئەوەی هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبهێنێت.
 
میدیای ئەڵمانیا پێشتر ئاشکرایانکردبوو، کارگێڕیی یانەکە ناکۆکی گەورەی لەگەڵ ئەو راهێنەرە هەیە و دوورخستنەوەی لە یانەکە ئەگەرێکی نزیکە.
 
تێن هاگ رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی نەبوونی پلانی یاریی روون، لاوازی رێکخستن لە ئاستی یارییەکان، جگە لە کەموکورتی لە پەیوەندیکردن لەگەڵ یاریزانان پێش یارییەکان. 
 
بەپێی راپۆرتەکان، هیچ وتارێکی هاندان و ورووژێنەری پێشکێش نەکردووە پێش دۆڕانیان لە یاریگای خۆیان بەرامبەر هوفێنهایم، کە ئەمەش سەرسوڕمانی تیپەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
کارگێڕیی بایرلیڤەرکوزن گرەوی لەسەر تێن هاگ کردبوو بۆ جێگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، کە سەرکردایەتی ریال مەدریدی گرتەئەستۆ، بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی ئەوتۆی پێشکێش نەکردووە.
 
بەپێی سکای سپۆرتس، یانەی بایرلیڤەرکوزن بڕیاری جیابوونەوەی لە راهێنەر ئێریک تێن هاگ داوە دوای تەنیا دوو گەڕ لە دەستپێکی وەرزی نوێ.
 
یانە ئەڵمانییەکە لە مانگی تەممووزی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ تێن هاگ تاوەکو ساڵی 2027 واژوو کردبوو، کە تاوەکو ئێستا لە پلەی دوانزەمی خولی ئەڵمانیادایە و تەنیا یەک خاڵی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە