بۆندێسلیگا.. بایرن لە پرۆڤەی ریالدا و چابی ئەلۆنسۆ بۆ وەرزێکی بێدۆڕان

27-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بۆندێسلیگا بایرلیڤەرکوزن بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی ئەمڕۆ لە گەڕی سی و یەکی بۆندێسلیگا، بەئاراستەی سێ ئامانجی گەورە بەڕێوەدەچن، ئەگەرچی رکابەریی لەسەر نازناوی خولەکە لە بەرژەوەندیی بایرلیڤەرکوزنی پاڵەوان یەکلابوونەتەوە.
 
ئەوەی لە هەموو رووداوەکانی دیکە سەرنجڕاکێشتر دەبێت، ئەو جەنگە ئەوروپییەیە کە هەردوو یانەی لایپزیگ و بۆرووسیا دۆرتمۆند کۆدەکاتەوە. لایپزیگ کە تەنیا دوو خاڵ لە پێش دۆرتمۆندە لە ریزبەندییەکەدا، چاوی لە مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، دۆرتمۆندیش بەهەمان ویستەوە روو لە رێدبوڵ ئارێنا دەکات.
 
ئەگەرچی ئەگەر هەیە ئەڵمانیا وەرزی داهاتوو پێنج نوێنەری لە چامپیۆنزلیگدا هەبێت، بەڵام هەردوو یانە پێویستیان بەدڵنیابوونەوە هەیە لەوەی لە میانی ئەو چوار یانەیەدا بن کە سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەرە.
 
بایرن میونشن کە لە ئالیانز ئارێنادا میوانداریی ئاینتراخت فرانکفۆرت دەکات، دوو ئامانج لە یارییەکەدا سەرنجی رادەکێشێت، یەکەمیان تۆڵەکردنەوە لە شکستی قورسی خۆی لە یاریی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا بەرامبەر ئەو یانەیە کە بەپێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات، دووەمیشیان پڕۆڤەیەکی باش بۆ یارییەکەی چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ.
 
بایرن میونشن لە ناوەڕاستی هەفتەدا ئەرکە ئەوروپییەکەی بە میوانداریکردنی ریال مەدریدی ئیسپانی ئەنجامدەدات و تۆماس توخێل دەیەوێت دوا ئامادەسازییەکانی تیپەکەی بۆ یارییەکە ببینێت و یاریزانەکانیش لەبیرکردنەوە لەو یارییە بپارێزێت، ئەگەرچی دڵنیا نییە لەوەی لەسەدا سەد ئەو کارەی پێبکرێت.
 
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن دەڵێ، "پێموانییە ئێمە پێویستمان بەوە هەبێت کە بەخۆمان بڵێین نابێ مێشکمان بەهیچ چیرۆکێکی دیکەوە سەرقاڵ بکەین جگە لە سەداسەد بیرکردنەوە لە یارییەکەی ئەمجارەمان. پێموایە ئێمە لەسەداسەد ئامادە دەبین، بەڵام هەمووکات لەباکگراوندی بیرکردنەوەماندا ژاوە ژاوێک هەیە و یارییەکەی ریال مەدریدیش رۆڵی دەبێت و بەشێکی دانەبڕاوی ژاوەژاوەکە دەبێت".
 
بایرلیڤەرکوزنی پاڵەوان، خۆی لەبەردەم ئەرکێکی دیکەدا دەبینێتەوە کە ئەرکی کۆتایی پێهێنانی خولەکەیە بەبێ دۆڕان. لیڤەرکوزن کە یەکەمجارە لە مێژوودا نازناوی بۆندێسلیگا بەدەستدەهێنێت، دەیەوێت مێژووی بردنەوەی نازناوەکە بەبێ دۆڕان، بکاتە رووداوێکی ناوازە و یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر شتوتگارت بەربەستێکی دیکەیە لەبەردەم خەونی یانەکەدا.
 
بۆ چابی ئەلۆنسۆ ئێستا خەونەکە خەونی گەیشتنە بەکۆتایی خول بەبێ دۆڕان. ئەو راهێنەرە لە گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یاریی پێشووی تیپەکەیدا بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند لە نێو سیگناڵ ئیدۆنا پارک، لە رێگەی ئاهەنگگێڕان بۆ گۆڵی یەکسانبوونەوە، ئەو پەیامەی بەهەموواندا کە چەندە بەلایەوە گرنگە تیپەکەی تاوەکو کۆتایی وەرز نەدۆڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە