رامۆس لە رێگەی گۆرانییەکەوە باسی دەرکردنی خۆی لە ریال مەدرید دەکات

01-09-2025
نیشانەکردن سێرجیۆ رامۆس یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رێگەی گۆرانییەکەوە بەناوی سیبیلێس، سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە نەیدەویست لە یانەکەی بڕوات، بەڵام ناچار بەڕۆیشتن کراوە.
 
رامۆس کە ئێستا لە یانەی مۆنتێریی مەکسیکی یارییدەکات، هێشتا لەژێر کاریگەریی رۆیشتنی لە ریال مەدرید بەر لە چوار ساڵ تێنەپەڕاندووە، لە گۆرانییە نوێیەکەیدا باسی رۆیشتنی خۆی لە یانەکە لە ساڵی 2021 دەکات و دەڵێ، "نەمدەویست بڕۆم، بەڵام ناچارکرام دوورکەومەوە".
 
رامۆس دوای 16 ساڵ یارییکردن لە ریال مەدرید، ریزەکانی ئەو یانەیەی بەجێهێشت، دوای شکستهێنانی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە. دوای ریال مەدرید ئەو ئەستێرەیە روویکردە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و دواتریش مۆنتێری.
 
رامۆس کە خاوەنی زۆرترین یارییە لە مێژووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە گۆرانییە نوێیەکەیدا دەڵێ، هەندێک شتی ئازاربەخش هەیە کە تاوەکو ئێستا هیچم لەسەری ئاشکرا نەکردووە.
 
لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ، هەرگیز حەزم بەڕۆیشتن نەدەکرد، بەڵام داوای دوورکەوتنەوەم لێکرا.
 
رامۆس لە دوای راگەیاندنی رۆیشتنی لە ریال مەدرید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەگریانەوە گوتی، ئەو ساتە قورسە هات لە ژیانمدا کە هەرگیز ئامادەنەبووم بۆی و دەبێ بڵێم ماڵئاوا ریال مەدرید.
 
رامۆس ئەوکات ئاشکرایکرد، کارگێڕیی یانەکە دەستەوارەیەکیان پێشکێشکردبوو بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک، لەگەڵ کەمکردنەوەی مووچەکەی، بەڵام کاتێک رازی بوو بەنوێکردنەوەکە، یانەکە پێیان راگەیاندووە، دەستەوارەکە ئێسکپایەری لەسەربووە و ئێستا ئیدی ئێکسپایەر بووە.
 
رامۆس 671 یاریی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، 101 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە، لەنێویاندا دوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ساڵانی 2014 و 2016.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە