رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانیان لە یاریی لووتکەی سێریا ئا بەرامبەر یانەی میلان، یانەی ناپۆلی بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.
یانەی ناپۆلی لە گەڕی دووەمدا، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی یاری دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دوایین دۆڕانی بەرامبەر میلان و دۆڕانی لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕان.
پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا سەرەتایەکی باشی لە چامپیۆنزلیگدا نەبووە و پێشەنگی سێریا ئاشی لەدەستدا، بۆیە ئەمشەو دەیەوێت بەبردنەوە هاندەرانی دڵخۆش بکات.
یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەرامبەر یانەی کایرات ئاڵماتیی کازاخستانی تۆمارکرد، دوایین چوار یاریی بردووەتەوە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆیشی بەرامبەر ناپۆلی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بکات.
ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانە لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، پێشتر دوو یارییان لە یۆرۆپالیگدا ئەنجامداوە، یارییەک بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ و یارییەکیان بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بۆ ناپۆلی بووە.
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی یەکەم یاریی لە یاریگەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
گانەرز لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی دەکات و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
یانە لەندەنییەکە لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانیی بردبووەوە و ئەمە یەکەم یارییەتی لە یاریگەی خۆیدا.
بەر لە یارییەکە یانەی ئارسیناڵ گرێبەستی ویلیام سالیبا، بەرگریکاری یانەکەی تاوەکو پێنج ساڵی دیکە نوێکردەوە، لەکاتێکدا دەنگۆی رۆیشتنی یاریزانەکە هەبوو.
ئارسیناڵ لە دوایین یاریی پرێمەرلیگدا بە زەحمەت لە نیوکاسڵی بردەوە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەمشەو سێ خاڵی دیکە بەدەستبهێنێت.
ئۆڵیمپیاکۆس پێشەنگی خولی یۆنانە و هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی پافۆسی قوبرسی یەکسانبووە.
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەیەوێت دووەم بردنەوە لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا تۆماربکات، کاتێک بەرامبەر یانەی مۆناکۆی فەرەنسی یاری دەکات.
یارییەکە لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، ئەمشەو لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، مانچێستەر سیتی لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ناپۆلی بەدەستهێنا و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
بەر لە یارییەکە رۆدری و رەیان شێرکی گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکانی یانەکە و بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە راهێنانەکاندا کردووە.
یانەی مۆناکۆی فەرەنسی لە یەکەم یارییدا بە ئەنجامێکی گەورە و بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ بە یانەی کلەب برووجی بەلجیکی دۆڕاوە، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە تۆماربکات.
پۆڵ پۆگبا بەشداریی لە مەشقەکانی یانەی مۆناکۆدا کردووە، بەڵام راهێنەری یانەکە دەڵێت "هێشتا یاریزانەکە بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەنییە، بەمەش پێناچێتیش ئەمشەویش پۆگبا یەکەم یاریی بەدرێسی مۆناکۆوە ئەنجامبدات.
هەردوو یانە دوو یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هەردوو یارییەکە لە وەرزی 2016-2017 بوو، مانچێستەر سیتی یارییەکی بە 5-3 بردەوە و یارییەکەی دیکەشی بە 1-3 دۆڕاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ