ڤينسیۆس بێڕێزی بە هاوڕێیەکی دەکات و داوایلێبوردنی لێدەکاتەوە

01-10-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی، دوای یاریی ریال مەدرید و ئەلماتی لە ژووری جلگۆڕیندا داوایلێبوردن لە هاوڕێیەکی دەکات، لەبەرئەوەی لە کاتی یارییەکەدا بێڕێزی پێکردووە.
 
ڤینی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بردنەوەی ریال مەدرید بەئەنجامی 5-0 لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی  یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا. کە بەهۆی یاری نەکردنی دانی کارڤاخال و فێدی ڤالڤێردی کاپتنەکانی یانەکە، ڤینیسیۆس نیشانەی کاپتنی بەستبوو.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەکی 70ـدا بەبڕیاری چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر یاریگەی جێهێشت و رۆدریگۆی هاونیشتمانی لە شوێنی چووە نێو یاریگە، بەڵام ڤینی تووڕەیی خۆی دەربڕی لە گۆڕانکارییەکە، کە زۆر کەس ئەو هەڵوێستەیان بە بێڕێزیکردن بە هاونیشتمانییەکەیان زانی.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی دیفێنسا سێنترال بڵاویکردووەنەتەوە، دوای یارییەکە و لە ژووری جلگۆڕیندا ڤینیسیۆس جونیۆر داوایلێبوردنی لە رۆدریگۆی هاوڕێی کردووە لەسەر رەفتارەکەی لە کاتی گۆڕانکارییەکەدا و گوایە پێیگوتووە "ببورە، من کۆنترۆڵی خۆم نەکرد". 
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەکە، ئەو بابەتەی بە شاراوەیی هێشتەوە و لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییدا هیچ لێدوانێکی لەسەر نەدا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەرچەندە رۆدریگۆ بێزاری خۆی لە رەفتاری هاوڕێ و هاونیشتمانییەکەی ڤینیسیۆس لە کاتی گۆڕانکارییەکەدا نیشان نەداوە، بەڵام داوایلێبوردنەکەی قبوڵ کردووە و بە دەستپێشخەرییەکی باشی زانیوە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەستێرە بەرازیلییەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەکاتی گۆڕانکاری پێکردنیدا، پێشتریش تووڕەیی خۆی دەربڕیبوو لە گۆڕانکارییەکە لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل لە خولی ئیسپانیا. راهێنەری یانەکە تووڕەییەکەی بەئاسایی زانی و رایگەیاند، تووڕەبوونی ڤینی بەهۆی ئەوەیە کە دەیەوێت هەمیشە یاری بکات و یارمەتی هاوڕێیانی بدات بۆ بردنەوە.
 
هاندەرانی ریال مەدرید رەخنەیان لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر گرت دوای یارییەکەی  ئەلماتی و هەندێکیان داوایان لێکرد کە بەدوای یانەیەکی نوێدا بگەڕێت، هەروەها بە خراپترین یاریزانی یارییەکە ناساندیان.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە دوو هەلی راستەقینەی لەدەستدا و 16 جار تۆپی لەدەستدا لە یارییەکەدا و هەڵسەنگاندنی 6.7ـی بوو لەسەر 10.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە