وەزیری وەرزشی ئۆکراینا: رووسیا وەرزش بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکانی بەکاردێنێت

22 خولەک له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئۆڵیمپیادی زستانە، وەزیری وەرزشی ئۆکراینا رەخنەی تووند لە بەشداریکردنی وەرزشوانانی رووسیا دەگرێت و رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ وەرزش بۆ شاردنەوە و "سپیکردنەوە"ی دەستدرێژییە سەربازییەکانی بەکاردێنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، مەتڤی بیدنی، وەزیری وەرزشی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەو یەکێتییە وەرزشییانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن وەرزش لە سیاسەت جیاوازە، نابێت ململانێ چەکدارییەکان بخەنە ئەو چوارچێوەیەوە، چونکە "جەنگ تاوانە، نەک سیاسەت."
 
بڕیارە رۆژی هەینی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی زستانە لە ئیتاڵیا دەستپێبکات. هاوشێوەی ئۆڵیمپیادی پاریس، لەم یارییانەشدا ژمارەیەک وەرزشوانی رووسی وەک "وەرزشوانی بێلایەن" بەشدارن، ئەمەش نیگەرانیی ئۆکراینای لێکەوتووەتەوە کە خۆیان بە شاندێکی 46 کەسییەوە بەشدارن.
 
وەزیری وەرزشی ئۆکراینا دەڵێت: "کاتێک کەسێک هەوڵدەدات بتکوژێت، لەسەرمان رەقت بکاتەوە و لە زستاندا بێ گەرمی و ئاو و کارەبا جێت بهێڵێت، ئەمە جینۆسایدە و رێک ئەوەیە رووسیا دەیکات."
 
بیدنی ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر خۆی لاببات و گوتی: "رووسیا وەرزش بۆ سپیکردنەوەی دەستدرێژییەکانی بەکاردێنێت؛ دەیەوێت لە رێگەی وەرزشەوە خوێنی ئۆکراینییەکان لە دەستەکانی پاکبکاتەوە."
 
وەزیری وەرزشی ئۆکراینا دەشڵێت: "ئۆکراینا بەردەوام سەرکۆنەی ئەو هەوڵە دووڕووانە دەکات کە دەرفەت بە بکوژان دەدەن جلوبەرگی سپیی بێلایەنی لەبەر بکەن."
 
لە کاتێکدا هەندێک یەکێتیی وەک جودۆ و شمشێربازی رێسا تووندەکانیان لەسەر رووسیا کەمکردووەتەوە، بەڵام هەندێکی دیکە وەک یەکێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدان و هۆکیی سەرسەهۆڵ سوورن لەسەر سزاکان.
 
وەزیرەکەی ئۆکراینا ستایشی یەکێتیی هۆکی کرد کە سەرەڕای لەدەستدانی سێیەکی داهاتەکەی بەهۆی رەتکردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسەکان، بەڵام سازشی نەکردووە.
 
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی وەرزش لە جەنگدا، بیدنی ئاماری مەترسیداری خستەڕوو: "بەپێی دوایین زانیارییەکان، رووسیا زیاتر لە 650 وەرزشوان و راهێنەری ئۆکراینی کوشتووە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا رووسیا هەوڵی گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان دەدات، "814 دامەزراوەی وەرزشیی ئۆکراینای وێران کردووە، کە 24 بنکەی مەشق و راهێنانی ئۆڵیمپی و پارائۆڵیمپی تێدایە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە