رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە سعودیە و چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن "یاریزانەکە لەگەڵ بەرپرسانی هیلال کۆبووەتەوە."
رودی گالێتی، رۆژنامەڤانی دیاری ئیتاڵی کە گرنگی بە هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان دەدات و یەکەم کەس بوو رایگەیاند، هیلال ئامادەیە 420 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن بداتە مێسی، دەڵێت "رۆژی 1-5 مێسی لە سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی هیلال کۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی بە وردی گفتوگۆ لەبارەی دەستەوارەی یانە سعودییەکە بکەن بۆ یاریزانە ئەرجەنتییەکە."
رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە 10 رۆژ لەمەوبەر وادەی ئەو کۆبوونەوەیە دانراوە، سەرەتا بڕیاربوو لە پاریس بکرێت، بەڵام دوای ئەوە شوێنەکەی گۆڕدرا و لە ریاز ئەنجامدرا.
گالێتی نووسیوویەتی "ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام رێگەی بڕیاردانی کۆتایی درێژە."
چوونی مێسی لەگەڵ ئانتۆنێلای هاوژینی و منداڵەکانیان بۆ سعودیە لەکاتێکدایە، گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30-6-2023 کۆتاییدێت، هەرچەند یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا نییە و داهاتووی لیۆش روون نییە.
لەلایەکی دیکەوە سەردانەکەی مێسی بۆ ریاز کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و چەند سەرچاوەیەک لە فەرەنسا دەڵێن "مێسی موڵەتی لە کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان و لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی ئەو گەشتە ئەنجامبدات، بۆیەش ئەگەری هەیە ئەمە ببێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە لەنێو یانەکەدا."
مێسی باڵیۆزی گەشتوگوزاری سعودیەیە، ئەحمەد خەتیب، وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە، لە پەیامێکدا بەخێرهاتنی مێسیی کرد و گوتی "پێشوازی و بەخێرهاتنی باڵیۆزی گەشتیاریی سعودیە، لیۆنێل مێسی و خێزانەکەی دەکەم، لە دووەم گەشتی گەشتیارییاندا بۆ سعودیە."


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ