رووداو دیجیتاڵ
دوای وەستانی پرێمەرلیگ بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک، بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئێف ئەی کەپەوە، جارێکی دیکە رکابەرییەکانی خولەکە دەستپێدەکەن و مانچێستەر سیتی دەیەوێت لە گوشارخستنە سەر یانەی ئارسیناڵ بەردەوامبێت.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولەکەدا، کاژێر 23:00 مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد یاریی دەکات.
ستیزنز ئێستا پێنج خاڵ لە ئارسیناڵی یەکەمەوە دوورە، یانەکە یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە و بەبردنەوەی ئەم یارییە دەیەوێت زیاتر لە لەندەنییەکان نزیکببێتەوە و لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بەردەوامبێت.
نیوکاسڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بەڵام دوای بردنەوە گەورەکەیان لە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر قەرەباخ بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، بە ورە بەرزییەوە یاریی دەکات و چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە لە یاریگەی ئیتیحاد بێتە دەرەوە.
بەهۆی پێکانەوە جێریمی دۆکو، یوسکۆ گڤاردیۆل و ماتیۆ کۆڤاچیچ بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
بەر لەو یارییە کاژێر 18:00 یانەی چێڵسی لە یارییەکی دیکەدا بەرامبەر بێرنلی یاریی دەکات، یارییەکە لە ستامفۆرد بریچ بەڕێوەدەچێت، لەندەنییەکان دەیانەوێت بەشێوەیەکی کاتی پلەی چوارەمی ریزبەند لە مانچێستەر یونایتد وەربگرێت.
بێرنلی لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی پرێمەرلیگە، ئەنجامەکانی خراپن، یانەکە تەنیا 4 یاریی بردووەتەوە و شەڕی مانەوە لە پرێمەرلیگدا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ