تایبەت بە رووداو
سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداودا، موژدەی ئەوەی بە وەرزشوانان دا، کە بەمزووانە کێشەی دارایی یەکێتییەکەیان کۆتایی دێت و چارەنووسی خولی تۆپی پێی نایابی کوردستان و خولەکانی دیکەش دیاری دەکەن.
سەفین کانەبی، کە لە ماڵەوە کەوتووە، بەهۆی بەربوونەوەی و شکانی نێکی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە بووڵتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداوی کرد و قسەی لەبارەی چارەنووسی خولی تۆپی پێی نایابی کوردستان کرد.
کانەبی بە رووداوی گوت "راگرتنی خولی نایابی کوردستان بە ویستی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان نەبووە، بەڵکو حکومەت ئەو بڕیارەی داوە، پەیوەندیمان بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و سلێمانییەوە کرد و ئەوان پێیانگوتین دەبێ خولی کوردستان رابگرن، نابێ بەهیچ شێوەیەک یارییەکان بەڕێوەبچن".
سەفین کانەبی، کە هیوای خواست هەموو وەرزشوانان و خەڵکی کوردستان، پارێزرا و و سەڵامەت بن لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کێشە داراییەکانی یەکێتییەکەیان بەرەو چارسەربوون دەچن و گوتی "پێشبینی دەکەم لەم چەند رۆژەدا کێشەی دارایی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان چارەسەر ببێت".
هەروەها گوتیشی "ئێمە چاوەڕێی حکومەتین هەرکاتێ بارودۆخەکە بەرەو باشبوون بچێت و حکومەت رێگەمان پێبدات، خولی کوردستان دەستپێدەکەینەوە".
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەنووسی خولی نایابی کوردستان و هەموو خولەکانی دیکەی تۆپی پێ دیاری دەکەن.
کانەبی هەروەها گوتی "هەرکاتێ خولی نایابی کوردستانمان دەستپێکردەوە دەبێ هەر 13 یانەی بەشداربوو نووسراوی فەرمیمان بۆ بکەن و رەزامەندی خۆیان لەسەر بەشداریکردنی تیپەکانیان نیشان بدەن".
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان. لە بەردەوامی قسەکانیدا بۆ رووداو، موژدەی دایە ناوبژیوان و سەرپەرشتیارانی یارییەکانی خولەکانی کوردستان و دووپاتیکردەوە کە مافەکانیان پێدەدرێت. ئەو گوتی "سوپاسی کۆشش و ماندووبوونی هەموو ناوبژیوان و سەرپەرشتیارانی یارییەکان دەکەم، ئەوان زۆر ماندووبوون، بەڵام موژدەیان پێدەدەم کە لەم چەند رۆژەدا مافەکانیان وەردەگرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ