رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی فیناڵیسیما، دوای ئەوەی شکستیان بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیای پاڵەوانی ئەوروپا هێنا.
دوای 29 ساڵ وەستانی، جارێکی دیکە فیناڵیسیما لەسەر یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن کرایەوە و هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی کۆپا ئەمریکا و ئیتاڵیای پاڵەوانی یۆرۆ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 لە بەرژەوەندی تانگۆدا کۆتاییهات.
دوای ئەوەی ئەرجەنتینییەکان بە گوشارکردن دەستیانپێکرد، لیۆنێل مێسی کاپتنی ئەرجەنتین لە کۆششێکی تاکەکەسیدا تۆپێکی گەیاندە بەر قاچەکانی لاوتارۆ مارتینیز و لە خولەکی 28ـدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تانگۆ تۆمارکرد.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، ئانخێل دیماریا بەشێوەیەکی هونەری گۆڵی دووەمی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا رۆبێرتۆ مانچینیی راهێنەر چەند گۆڕانکارییەکی لە پێکهاتەی ئیتاڵیادا کرد و یاریزانەکانی گوشاریان خستە سەر گۆڵی تانگۆ، بەڵام ئەرجەنتینییەکان زۆر رێکخراو بوون و نەیانهێشت تۆڕی مارتینێزی گۆڵپارێزیان بهەژێنن.
لە خولەکی 4ـی زیادکراودا، لیۆنێل مێسی ئاسیستێکی بۆ پاولۆ دیبالا کرد و یاریزانەکە کە وەک یاریزانی یەدەگ هاتبووە نێو یاریگە توانی گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین تۆماربکات و یارییەکە بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی مێسی و هاوڕێکانیدا کۆتاییهات.
لیۆنێل مێسی، کە بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، جامەکەی بەرزکردەوە و بوونە پاڵەوانی فیناڵیسیما.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ