رووداو دیجیتاڵ
حوسێن فەیسەڵ، یاریزانی پێشووی یانەی ئاکرێ پەیوەندی بە یانەی بەحریی عێراقی کرد، کە بەشداری لە خولی نایابی عێراقدا کرد و دەڵێت "هەوڵ دەدەین یانەکە بگەینینە خولی ئەستێرەکانی عێراق".
حوسێن فەیسەڵی ناسراو بە 'رۆدیگێرەکەی ئاکرێ'، لە نیوەی وەرزدا لەگەڵ یانەی ئاکرێ بەشداری کرد، بەڵام دواتر بەهۆی کێشەیەکی لەگەڵ یانەکە گرێبەستی هەڵوەشێندرایەوە و دوای ماوەیەک یاریینەکردن، یاریزانەکە بەفەرمی بۆ ئەو چەند یارییەی لە خولی نایابی عێراقدا ماون، گرێبەستی لەگەڵ یانە بەحری واژۆکرد.
حوسێن، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد "بۆ ئەو چەند یارییەی کە ماون لە خولەکەدا گرێبەستێکم لەگەڵ بەحری واژۆکردووە و دەمانەوێت یانەکە بگەیێنینە خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەشتوانین ئەوە بکەین".
لە خولی نایابی عێراقدا یەکەم و دووەم راستەوخۆ سەردەکەون بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق و پلەکانی سێیەم و چوارەم یاریی پاشکۆ ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی بەحریش لە پلەی شەشەم دێت و تەنیا پێنج خاڵ لە یانەی جۆڵانی خاوەنی پلەی چوارەم دوورە.
حوسێنی تەمەن 27 ساڵان، یاریی بۆ هەریەک لە یانەکانی زێرەڤانی و هەندرێن و ئاکرێ کردووە و لە ئەزموونێکی نوێیدا لەگەڵ یانەی بەحری بەردەوام دەێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ