داڤیدی ئەنچێلۆتی: ڤینیسیۆس هاوکارییکردین بۆ بردنەوەی زۆر نازناو

02-07-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر داڤیدی ئەنچێلۆتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

داڤیدی ئەنچێلۆتی، یاریدەدەری راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچێلۆتی، باسی لە تواناکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەکە کردووە و دەڵێ، هاوکارمان بوو بۆ زۆر سەرکەوتن لە یانەکە.
 
داڤیدی کە هاوکات کوڕی کارلۆیە و ئێستا لەگەڵ باوکی جارێکی دیکە لە هەڵبژاردەی بەرازیل کاردەکات، باسی رۆژانی کارکردنی لە ریال مەدرید کردووە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
 
ئەو دەڵێ، "ڤینی زۆر هاوکارمان بوو لە بردنەوەی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و یاریزانی یەکلاکەرەوەبوو لە هەردوو یارییەکەی کۆتاییدا".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ڤینی حەزی بەڕکابەرییە، ئەو زۆر رکابەرە، بەڵام کەسێکی دڵ باشە و لەپێناو تیپەکەدا کاردەکات و دەیەوێت هەموو نازناوەکان بباتەوە".
 
داڤیدی زیاتر دەڵێ، "پێشبینەمان لەدوای چوونمان بۆ ریال مەدرید، گەشەپێدانی ئەو بوو وەک یاریزان و کارمان لەسەر پەرەپێدانی هەموو لایەنەکانی و پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی کرد، کاتێک ئەوەمانکرد، ئیدی ئەو زۆری پێشکێش بە تیپەکە کرد لە رووی ژمارەی بەکۆمەڵ و تاکەوە".
 
داڤیدی ئەنچێلۆتی زیاتر دەڵێ، "هەموو کات و تەنانەت لە خراپترین دۆخەکانیدا ئێمە لەپشتی ماینەوە، ئەو یاریزانێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە، هەندێکجار بەتەنگژە و کێشەی دەرەوەی یاریگەدا تێدەپەڕی لەگەڵ هاندەران، بەڵام هەموو کات لە یاریگەدا وەڵامی هەموو شتی دەدایەوە".
 
ریال مەدرید کە ئێستا لە ئەمریکایە و لە مۆندیالی یانەکان بەشدارە، بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوتووە، پاشئەوەی لە یوڤێنتوسی بردەوە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر و لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە