جێگرەوەکەی ئەلۆنسۆ دوێنێ شەو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بووە

دوێنێ کاژێر 02:49
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ داڤیدی ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دوێنێ شەو ئەو راهێنەرەی بەربژێری سەرەکییە بۆ شوێنگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی ریال مەدرید، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بووە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، داڤیدی ئەنچێلۆتی، کوڕی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری پێشووی ریال مەدرید و یاریدەدەری باوکی لە مەشقدانی یانەکە، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بووە و بینەری سەرکەوتنە گەورەکەی یانەکە بووە بەرامبەر ریال بێتیس کە بە 5 - 1 گۆڵ کۆتایی هات.
 
ئەگەرچی میدیاکان سەرنجیان نەخستووەتە سەر دەرکەوتنی داڤیدی لەنێو پەیزەکانی سانتیاگۆ، بەڵام ئەو لە دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و وەڵامی ئەو پرسیارەشی داوەتەوە کە لەبارەی مەشقدانی ریال مەدریدەوە لێیکراوە.
 
داڤیدی دەڵێ، "زۆر دڵخۆشبووم بەبوونم لێرە، پێموایە هاتنم بەختێکی باش بوو بۆ تیپەکە و بردییەوە، دڵخۆشم بەوەی بەختێکی باشترم بەخشییە ریال مەدرید".
 
لەبارەی پلانی داهاتوویەوە، ئەو دەڵێ، "بۆ ئێستا، ئامانجی کورتخایەنم بریتییە لە چێژوەرگرتن لە پشووەکان، بەڵام یارمەتیی باوکم دەدەم لە مۆندیالدا و ئەوە هەموو شتێکە".
 
هەروەها دەڵێ، "من باشم، هەموو شتێک باشە، هاتمە ئێرە تەنیا بۆ بینینی یارییەکەی ریال مەدرید".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی چابی ئەلۆنسۆ و داهاتووی ئەو راهێنەرەوە لە یانەکە، داڤیدی دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکی ناوازە و کەسێکی خۆشەویستە، تەنیا پەسندانم هەیە بۆ ئەو، پێکەوە ساتی زۆر باشمان هەبوو، هیوای هەموو سەرکەوتنێکی بۆ دەخوازم، وەکچۆن هیوای سەرکەوتن بۆ ریال مەدریدیش دەخوازم".
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوەی باس لە شوێنگرەوەی ئەو بۆ ئەلۆنسۆ دەکەن، داڤیدی دەڵێ، "هیچ بنەمایەکی راستی نییە، من ئێستا لە قۆناخێکی جیاوازی پیشەگەرییانەی خۆمدام".
 
داڤیدی بەپێی گرێبەستەکەی، دەبێ لە ئێستا بەدواوە تاوەکو مۆندیالی داهاتوو، یاریدەدەری ئەنچێلۆتیی باوک بێت، لە مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە