رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی لاو و تازە دەرکەوتوو لە مۆندیالی یانەکاندا، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و لە ریال مەدرید و مۆندیالی یانەکاندا باس باسی ئەو یاریزانەیە، یاریزانەکە ناوی گۆنزالۆ گارسیایە، بەڵام ئەم گۆنزالۆ گارسیایە کێیە و چی کردووە؟
گۆنزالۆ گارسیا تۆرێس، لە دایکبووی 24-3-2004ـە، تەمەنی 21 ساڵە، هێرشبەری سەرەڕمە، باڵای 1 مەتر و 82 سانتیمەترە، یاریزانی هەڵبژاردەی خوار 19 ساڵانی ئیسپانیایە، لە 4 یاریی مۆندیالی یانەکاندا 3 گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.
گارسیا لە خولی لاوانی ئیسپانیادا 65 یارییکردووە، 30 گۆڵی تۆمارکردووە، 5 ئاسیستی کردووە، هێرشبەرێکی زۆر تایبەتە و دەتوانێت لە 6 شوێنی جیاواز یاری بکات، چەق، باڵی راست، باڵی چەپ، پشت هەردوو باڵەکە و پشت هێرشبەری چەق.
گۆنزالۆ لە باڵی راست لە 30 یارییدا 11 گۆڵی کردووە، لە باڵی چەپ لە 23 یارییدا 14 گۆڵی کردووە، لە چەق لە 20 یارییدا 11 گۆڵی کردووە.
یاریزانە 21 ساڵەکە لە بنەڕەتدا یاریزانی تیپی کاستیا مەدریدە و لەگەڵ ئەو تیپە 73 یارییکردووە، 30 گۆڵ و 7 ئاسیستی هەیە، لە چامپیۆنزلیگی لاواندا 16 یاری، 6 گۆڵ و 3 ئاسیستی هەیە.
پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان دەنگۆی ئەوە هەبوو لە ریال مەدرید بڕوات، بەڵام لە مۆندیالدا بەشدارینەکردنی کیلیان ئێمباپێ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەهۆی نەخۆشییەوە هەلێکی گەورە بوو بۆ دەرکەوتنی ئەو یاریزانە و درەوشانەوەی و یاریزانەکە بووە جێگرەوەیەکی زۆرباش بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە.
ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخی گۆنزالۆ گارسیا 8 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام دوای مۆندیال بەدڵنیاییەوە زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە و ریال مەدریدیش پارێزگاری لە مانەوەی دەکات و گرێبەستەکەشی نوێدەکاتەوە.

گۆنزالۆ گارسیا، دوای تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە بەرامبەر یانەی یوڤێنتوس گوتی "کارێکی بە کۆمەڵ و نایابمان ئەنجامدا، بردنەوەیەکی گەورە بوو و لە قۆناخی هەشتدا دەتانبینینەوە."
یاریزانەکە سەرسامە بە تواناکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەڵێت "کریستیانۆ نموونەی باڵای منە، من بە زۆر یاریزان سەرسامم، بەڵام ئەگەر تەنیا یەک یاریزان هەڵبژێرم ئەو یاریزانە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە."

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەبارەی ئەو یاریزانەوە نووسیوویەتی "گۆنزالۆ نەک هەر یەکلاکەرەوەیە، بەڵکو توانای بەرزکردنەوەی ئاستی هاوڕێکانیشی هەیە، کاتێک هەستدەکەن لەژێر گوشاردان، ئەو یاریزانێکە دەتوانێت هێڵەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و شوێن بۆ هێرشبەرەکانیش دەکاتەوە."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ