رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکانی تووڕەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سندووقی وەبەرهێنانی سعودی بەردەوامن و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، کریستیانۆ لە سعودیە رۆیشتووە و بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەیدا نەکردووە.
دوای ئەوەی بەشداریی لە یاریی بەرامبەر ریاز نەکرد، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هەڵسوکەوتی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی لەگەڵ گرێبەستی یاریزانان، رۆناڵدۆ دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی دروستکرد و هەر بەو هۆیەشەوە خۆرخی خیسۆس، راهێنەری یانەکەی لە دوای یارییەکە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەنجامنەدا.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئەمڕۆ رۆناڵدۆ بەشداریی لە مەشقەکانی یانەی نەسڕدا نەکردووە، تەنانەت یاریزانەکە سعودیەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ پۆرتوگال.
ئەمە دۆخەکە لەنێوان رۆناڵدۆ و نەسڕ زیاتر ئاڵۆز دەکات و دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوشار لە کارگێڕیی یانەی نەسڕ بکرێت بۆ ئەوەی دەستلەکاربکێشنەوە، هەندێک لە راپۆرتەکانیش دەڵێن " محەممەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆی دووپاتکردووەتەوە کە لێکۆلینەوە لەگەڵ سندوقی وەبەرهێنان دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا لە خەرجکردنی پارەدا جیاوازی کردووە لەنێوان یانەکاندا یان نا."
محەممەد سەدعان، رۆژنامەڤانێکی سعودیە و دەڵێت "کارگێڕیی یانەی نەسڕ شکستیهێناوە، یانەکە لە جامی شا دەرکرا، لە جامی سوپەر دۆڕا، ئەوەی روودەدات ئەنجامی شکستە و پێویستە کارگێڕی یانەکە وازبهێنێت."
دەنگۆی گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ پۆرتوگال تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پشتڕاستنەکراوەتەوە، ئەگەر ئەوە راستبێت دەکرێت کریس بیر لە بەجێهێشتنی نەسڕ بکاتەوە و رووبکاتە یانەیەکی پۆرتوگالی، بەتایبەت کە تەنیا ئەمڕۆ ماوە بۆ ئەوەی وادەی گواستنەوەی زستانە لە پۆرتوگالیش کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ