ئەلباسێتی دەیەوێت بارسێلۆناش بە دەردی ریال مەدرید ببات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، یانەی بارسێلۆنا دەچێتە ئەو یاریگەیەی تێیدا مێژوو تۆمارکرا و ریال مەدرید لە رکابەرییەکە کرایە دەرەوە، بارسێلۆنا میوانی ئەلباسێتییە.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 لە یاریگەی ئەلباسێتی بەڕێوەدەچێت، بلاوگرانا بەبێ یارییکردنی رافینیا کە بەهۆی پێکانەوە هەفتەیەک دووردەکەوێتەوە دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە نازناوەکە نزیک ببێتەوە، بەڵام پێویستە لە باشترین کاتەکانیدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوە بکات.
 
بلاوگرانا لە دوایین 16 یارییدا 15 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بردووەتەوە و تەنیا یەک دۆڕانی هەیە، تیپەکە پێشەنگی ریزبەندی لالیگایە و لە چامپیۆنزلیگیشدا راستەوخۆ گەیشتووەتە قۆناخی شازدە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
لە چوار یاریی رابردوودا بەگشتی بارسێلۆنا 14 گۆڵی تۆمارکردووە و تیپەکە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە.
 
ئەلباسێتی لەوەتەی لە ریال مەدریدی بردووەتەوە بووەتە ئاگر، لە دوایین چوار یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە سێ یاریی رابردووی خولی پلە دووی ئیسپانیا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، راستە ئێستا دوازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ریال مەدرید، بارسێلۆناش بکاتە دەرەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە