رۆمان ئەبرامۆڤیچ ناچارە تاڵاوەکە بچێژێت

03-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆمان ئەبرامۆڤیچ چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆمان ئەبرامۆڤیچ، خاوەنی یانەی چێڵسی لەندەنی دووپاتیکردەوە کە سوورە لەسەر فرۆشتنی یانەکەی و گوتی "بڕیارێکی زۆر قورس و زەحمەت و ئازاربەخشە".
 
ملیاردێری رووسی، روونیکردەوە کە ئەو داوا لە یانەی چێڵسی ناکات هیچ قەرزێکی بداتەوە و دووپاتیشیکردەوە کە پارەی فرۆشتنی یانەکەی دەبەخشێتە قوربانیانی جەنگ لە ئۆکراینا.
 
ئەبرامۆڤیچ دوای هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بڕیاریدا دەستلەکاربکێشێتەوە و سەرۆکایەتی یانەکەی بە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەی خێرخوازی چێڵسی راسپارد.
 
ئەوەی زیاتر ئەبرامۆڤیچی لە فرۆشتنی چێڵسی نزیکردووەتەوە، ئەوەیە کە چەند سەرمایەدارێک ئامادەن گفتوگۆی لەگەڵ بکەن بۆ کڕینی یانەکەی، لەوانەش هانس یۆرگی ملیاردێری سویسری.
 
هانس یۆرگ لەو بارەیەوە، رایگەیاند "ئەبرامۆڤیچ دەیەوێت هەموو خانوو و ڤێلاکانی لە لەندەن بفرۆشێت و بە زووترین کات چێڵسی بفرۆشێت، ئەو پەیوەندی پێوە کردوومە و داوای کردووە چێڵسی لێی بکڕم".
 
ئەو ملیاردێرە پێیوایە ئەبرامۆڤیچی 55 ساڵانە هاوڕێیەکی نزیکی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی رووسیایە، بەڵام رۆمان ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
میدیای بەریتانیا ئاشکرایکرد، کە ئێستا 3 داواکاری هەیە بۆ کڕینی یانەی چێڵسی و دەڵێن "ئەوان ئامادەن یانە لەندەنییەکە بە بڕی 3 ملیار پاوەند بکڕن".
 
رۆمان ئەبرامۆڤیچ پێشتریش رایگەیاندووە کە هیواخوازە جارێکی دیکە بچێتە نێو یاریگەی ستامفۆرد بریج لە لەندەن و ماڵئاوایی لە جەماوەرەکەی بکات. هەروەها گوتیشی "شانازی بەو دەسکەوتانەوە دەکەم کە چێڵسی لە سەردەمی مندا بەدەستیهێناون".
 
یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک ملیاردێری رووسی سزادا و سامانەکانیان بلۆک کرد، لەوانەش ئەلیشێر عوسمانۆڤ، کە پەیوەندییەکی بازرگانی باشی لەگەڵ یانەی ئێڤێرتۆنی ئینگلیزی هەیە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا تاوەکو ئێستا هیچ سزایەکی بەسەر رۆمان ئەبرامۆڤیچدا نەسەپاندووە، ئەگەرچی کریس براینتی پەرلەمانتار رایگەیاند "ئەبرامۆڤیچ دەترسێت سزا بدرێت، بۆیە بڕیاریداوە شوقە و ڤێلاکانی لە لەندەن بفرۆشێت".
 
لە دانیشتنێکی پەرلەماندا، کە تایبەت بوو بە پرساندنی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیران، کێر ستارمێری سەرکردەی ئۆپزسیۆن گوتی "بۆ دەبێت رۆمان ئەبرامۆڤیچ سزا نەدرێت؟"، بەڵام جۆنسۆن لە وەڵامیدا گوتی "جوان نییە لێرە و لەم قۆناخەدا باسی پرسە تاکەکەسییەکان بکەین".
 
ملیاردێرە رووسییەکە، ساڵی 2003 یانەی چێڵسی بەرامبەر بە 140 ملیۆن دۆلار کڕیوە و گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەرداهێنا و کردییە یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا، کە بڕی زیاتر لە 1.5 ملیار پاوەندی تێدا خەرج کرد.
 
لە سەردەمی رۆمان ئەبرامۆڤیچدا، ئەو یانە لەندەنییە دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و 5 جار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە، لەگەڵ جامێکی یەکێتیی ئینگلتەرا و سێجاریش کاراباو کەپ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە