رووداو دیجیتاڵ
دوکێنز نازۆن، یاریزانی هایتی و یانەی ئیستقلال تارانی ئێرانی چیرۆکی رزگاربوونی لە ئێران دەگێڕێتەوە، بەر لەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە تەشەنە بکەن و هەموو سنوورەکان دابخرێن.
نازۆن، تەمەنی 31 ساڵە و هێرشبەری یانەی ئیستقلال تارانە، باس لە چوونیەتی چوونە دەرەوەی لە ئێران دەکات ئەو دەڵێت "بەو پێیەی تووشی پێکانبووم، رێگەم پێدرا وڵاتەکە بەجێبهێڵم، بەڵام راهێنەرەکەمان لەکار لادرا و راهێنەرە نوێیەکە ویستی هەموومان ببینێت. ئەمەش لەکاتێکدابوو رۆژی دووشەممە دەبووایە بچمە فەرەنسا بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا بۆ مۆندیال، بۆیە بلیتی گەشتکردنەکەم بۆ کاژێر 10ـی بەیانیی رۆژی شەممە بڕی."
یاریزانەکە دەڵێت "هاوڕێیەکم لە ئیسرائیل یاری دەکات، رۆژێک پێشتر پێیگوتم: "ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە هۆتێلەکانن، لە ئێران پەناگەکان بکەنەوە و ئاگاداری خۆت بە، نازانم کەی بەڵام بارودۆخەکە دەتەقێتەوە." منیش پێمگوت: "خەمت نەبێت، کاژێر 10 گەشت دەکەم." رێک پێش فڕین لەناو فڕۆکەکەدا بووم، هاوڕێکەم لە رێگەی سناپچاتەوە قسەی لەگەڵ دەکردم و گوتی: "ئایا لەناو فڕۆکەکەیت؟" گوتم: "بەڵێ بۆچی؟" گوتی: "خوا خۆشی دەوێیت، ئێستا لای ئێمە زەنگی شەر لێدرا، لە کاتی خۆیدا رۆشتیت!" زۆر دڵخۆش بووم و فڕۆکەکە کەوتە رێ، بەڵام لەپڕ کاپتنەکە فرۆکەکەی راگرت و گوتی: "دەبێت هەمووان دابەزن، بۆردوومان دەستی پێکرد."
نازۆن زیاتر لەو بارەیەوە قسە دەکات و باسی دوای ئەوە دەکات، دەڵێت "بارودۆخێکی شێتانە و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو فڕۆکەکەدا دروست بوو. من هێمنی خۆمم پاراست، جانتاکەم هەڵگرت و بە پاسی یانەکە گەڕامەوە بۆ تاران. لەسەر رێگەکە دووکەڵی بۆمبێکمان بینی کە لە نزیک ئێمە کەوتبووە خوارەوە. بۆ راستی، من بەرامبەر ئەم جۆرە شتانە هێمنم. ئەگەر شتێک بەسەر خێزانەکەمدا بهاتایە رەنگە وانەبووایە، بەڵام بۆ خۆم وەک بڵێی شتێکی رۆژانەیە، هەرچەندە نابێت وابێت."
هێرشبەرە هایتییەکە باس لە دوای گەڕانەوەی بۆ تاران و چۆنیەتی چوونە دەرەوەی لە ئێران دەکات و دەڵێت "هەمووان بڕیاریان دا بەرەو تورکیا بڕۆن، بەڵام من بەتەنیا لەگەڵ شۆفێرەکەم بە ئۆتۆمبێل بەرەو ئازەربایجان بەڕێکەوتم. دوای 10 کاژێر لە رێگە و خاڵی پشکنین، کاژێر 4ـی بەیانی گەیشتین، بەڵام دەرکەوت سنوور تاوەکو کاژێر 8 داخراوە. بە خێرایی پاسپۆرتە فەرەنسییەکەم مۆری چوونە دەرەوەی ئێرانی لێدرا، تەنیا 50 مەترم مابوو بۆ پەڕینەوە لە پردەکە، بەڵام کۆدی ڤیزای پێویستم پێنەبوو. پێش ئەوەی هۆتێلەکە بەجێبهێڵم داوام لە هاوژینەکەم کرد ڤیزاکەم بۆ دەربهێنێت چونکە ئینتەرنێت لە وڵات برابوو. ئەویش کردی، بەڵام کۆدەکەمان پێنەگەیشت."
دۆکێنز نازۆن لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بەردەوامە و دەڵێت 30 بۆ 32 کاژێر لەسەر سنوور مامەوە، دوای ئەوەی مۆری چوونەدەرەوەم لە ئێران وەرگرت، ئیدی رێگەم پێنەدەدرا بگەڕێمەوە. بۆ چەند کاژێرێک لەنێوان دوو وڵاتدا (لە ناوچەی بێلایەن) گیرم خواردبوو. لەنێو بنکەی سنووری دایاننام. دەیانگوت رەنگە بەیانی یان کۆتایی هەفتە رێگەت پێبدرێت. لەو کاتەدا دەست دەکەیت بە بیرکردنەوە؛ بەڕێوەبەرەکەم، هاوژینەکەم، هاوڕێکانم هەموو لایەک گوشارمان دروست کرد، لە باڵیۆزخانەکانەوە تاوەکو گەیشتە باڵیۆزی فەرەنسا لە ئازەربایجان کە یارمەتی دا کێشەکە چارەسەر بێت. لە کۆتاییدا پێویستم بە کۆدەکە نەبوو. کاتێک لە سنوور پەڕیمەوە، دیمەنەکە وەک ناوچەی جەنگ وابوو، رووبارێک هەبوو و سەربازی زۆری لێبوو، هەموو شتێک خۆڵەمێشی بوو."
نازۆن باس لە سەختییەکانی ئەو گەشتە لەبیرنەکراوەی کرد و گوتی "سەختترین بەش بۆ هاوژینەکەم بوو. ئەو تێکشکا، نەخەوتبوو، چاودێریی منداڵەکانی دەکرد و نەیدەتوانی پەیوەندیم پێوە بکات. تۆ نازانیت بۆمبەکان لەکوێ دەکەون. لەو ساتانەدا بیر لە هەموو شتێک دەکەیتەوە لە ژیانت، لە منداڵەکانت و هاوژینەکەت، بە خۆت دەڵێیت تۆ لەناو ململانێیەکی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. قەت بیرم لەوە نەکردەوە کە رزگارم نابێت. هاوڕێکانم دەڵێن من وەک "چەتەی دەریایی" وام، هەمیشە رێگەیەک بۆ دەرچوون دەدۆزمەوە. لەژێر بۆردومانی راستەوخۆدا نەبووم، نابێت رێدەڕۆیی بکەین. شەوێک مووشەکێکم بینی، کێشەکە ئەوەیە نازانیت لەکوێ دەکەوێتە خوارەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا دوکێنز نازۆن، دەڵێت "هەوڵ دەدەم بە خێرایی یانەیەکی نوێ بدۆزمەوە تاوەکو بۆ مۆندیال ئامادەبم. ئەمە وای لێکردم زیاتر بیر لە وڵاتەکەم بکەمەوە، کە ئەویش بەهەمان شێوە لە بارودۆخێکی سەختدایە، ژیان لە پایتەختی هایتیش هەروا ئاسان نییە."
دوکێنز مۆیسێ نازۆن، لە هێڵی هێرشبەر یاریی دەکات، پێشتر لە یانەی لۆریانی فەرەنسی دەرکەوتووە، پاشان لە چەندین یانەی جیاواز یارییکردووە، لەوانە ولڤەرهامپتۆن، کۆڤێنتری سیتی، سیسکا سۆفا، قەیسەری سپۆر و چەندین یانەی دیکە، لە ساڵی 2025 پەیوەندیی بە یانەی ئیسقلال تارانی ئێرانییەوە کردووە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی هایتی، یاریزانەکە لە 2014ـەوە یاریزانی تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکەیە و لە 78 یارییدا 44 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ