فڕۆکە تایبەتەکەی رۆناڵدۆ، سعودیەی بەرەو مەدرید بەجێهێشت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکە تایبەتەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕی سعودی، خاکی سعودیەی جێهێشت و بەرەو مەدرید فڕی. سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان و هێرشە درۆنییەکانی سەر شاری ریاز، ئەو وڵاتەی بەرەو مەدرید جێهێشتبێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێزی هاوژینی و 5 منداڵەکەی، لە شاری ریاز نیشتەجێن. شارەکە لە چوارەم رۆژی پەرەسەندنی گرژییەکاندا کەوتە بەر هێرشی درۆن و تەقینەوە. میدیاکان بڵاویانکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پایتەختی سعودیە شەوی رابردوو بە دوو درۆن کراوەتە ئامانج.
 
هاوکات لەگەڵ جێهێشتنی خاکی ناوچەکە لەلایەن هاووڵاتییە بیانییەکان، زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگری فڕین دەریانخستووە فڕۆکەکەی رۆناڵدۆ گەشتێکی بەرەو مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کردووە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن، دواتر فڕۆکەکە بەرەو لیسبۆنی پۆرتوگال بەجێهێشتووە.
 
فڕۆکەکە لە جۆری بۆمباردیەر گڵۆباڵ ئێکسپرێس 6500ـە و گەشتەکەی نزیکەی 7 کاژێری خایاندووە. فڕۆکە تایبەتەکەی دۆن، کاژێری هەشتی دوێنێ ئێوارە ریازی بەجێهێشتووە و کاژێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە مەدرید، دواتریش پاش پشوویەکی کورت، بەرەو پۆرتوگال فڕیوە.
 
نەخشەی فڕینی فڕۆکەکە لە رێگەی سیستمە جیهانییەکانەوە دەریخستووە، فڕۆکەکەی رۆناڵدۆ بە ئاسمانی میسر و دەریای ناوەڕاستدا فڕیووە، تاوەکو گەیشتووەتە خاکی ئیسپانیا. ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە زیاتر لە 12 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن. ژمارەیەکی زۆر لەو فڕۆکانەی بڕیاربوو لە ریاز بنیشنەوە، گەشتەکانیان هەڵوەشاندەوە و گەڕانەوە، چونکە هەزاران هاووڵاتیی بیانی هەوڵی دەربازبوون لە ناوچەی جەنگ دەدەن.
 
رۆناڵدۆ لە ساڵی 2024 فڕۆکە کۆنەکەی لە جۆری گەلفستریم G200 بە بڕی 16 ملیۆن پاوەند فرۆشت و فڕۆکە نوێیەکەی بە بڕی 61 ملیۆن پاوەند کڕی. ئەم فڕۆکەیە جێگەی 15 سەرنشینی تێدا دەبێتەوە و چەندین ژووری جیاواز، شوێنی دانیشتن، قەنەفە، ژووری نوستن و گەرماوی تێدایە. فڕۆکەکە بە لۆگۆی تایبەتی CR7 و وێنەی ئاهەنگگێڕانە بەناوبانگەکەی رۆناڵدۆ نەخشێنراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە