نهێنی تووڕەبوونی سەرۆکی ریال مەدرید لە کارلۆ ئەنچێلۆتی

03-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا کارلۆ ئەنچێلۆتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانیی ئیسپانیا نهێنی هەڵسوکەوت و کۆبوونەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدی لە پشتی پەردەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، ئاشکراکردووە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێ کارلۆ ئەنچێلۆتی بیری لای تیپەکەی نەماوە، یاریزانەکان کاتێک ئەو دەبینن، دەڵێن راهێنەر سەرقاڵی کاری دیکەیە.
 
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، ئەنچێلۆتی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ، بیری پەرتبووە. یاریزانەکان ئەوەیان بۆ سەرچاوەکە ئاشکراکردووە، کە بیرکردنەوەی ئەو راهێنەرە لای تیپەکە نەبووە، بەڵکو ئەو بەر لە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ئارسیناڵ، لەگەڵ نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئێوارەخوانی هەبووە و لەگەڵ ئەوان باسی لە داهاتووی خۆی کردووە.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، ئەنچێلۆتی مۆڵەتی لە یانەکە وەرگرتووە و بەتایبەت گەشتی لەندەنی کردووە بۆ چاوپێکەوتنی بەرپرسە بەرازیلییەکان.
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ، لە دوای شکستی کلاسیکۆی جام بەرامبەر بارسێلۆنا، یاریزانەکانی ریال مەدرید، ئەنچێلۆتییان بینیووە کە ژمارەیەک کاخەزی بەدەستەوەبووە بۆ واژۆکردن، یاریزانەکان گوتوویانە، "چۆن داوامان لێدەکات بیرمان تەنیا لای یاریی بێت، لە کاتێکدا ئەو لە مانگی سێوە سەرقاڵی شتی دیکەیە؟".
 
هەمان سەرچاوە روونیکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دەیتوانی بەشێوەیەکی پڕ لە رێز و پیشەگەرانە کۆتایی بەکارکردنی ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەک بهێنێت، بەڵام ئەو نەیویستووە کێشەی زیاتر لە تیپەکەدا دروست ببێت، هەربۆیە پشتگیریی خۆی بۆ ئەنچێلۆتی دووپاتکردووەتەوە.
 
پێشتر میدیاکان باسیان لە دانوستاندنی ئەنچێلۆتی لەگەڵ نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل کردبوو، بەڵام پێدەچێ پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکە، هۆکاری دواخستنی دەستبەرداربوونی یانەکە بێت لە ئەنچێلۆتی.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە ریال مەدرید لە دۆخێکی دارایی باشدا نییە و ناتوانێ 4 تاوەکو 5 ملیۆن یۆرۆ بدات، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکەی، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە سوورە لەسەر وەرگرتنی مافی خۆی و یاریدەدەرەکانی و وایداناوە کە ئەو لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، بەڵام نایەوێ ستافەکەی بەبێ پارە لەکارەکەیان دووربخرێنەوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە، دووپاتیدەکاتەوە کە بەرپرسانی ریال مەدرید گلەییان لە مامەڵەی ماوەی رابردووی ئەو راهێنەرە هەیە، چونکە لە رووکەشدا بەجۆرێک قسەیکردووە، زۆر جیاوازبووە لەو هەڵسوکەوتانەی لە پشت پەردەوە ئەنجامیداون.
 
چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵی ئینگلیزی و دۆڕانی یاریی کۆتایی جامی شا بەرامبەر بارسێلۆنا، هۆکارن بۆ دوورخستنەوەی ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی ریال مەدرید و نزیکترین کەس بۆ شوێنگرتنەوەی، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە