رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید رەخنەی تووندی ئاراستەی ئیندریکی هێرشبەری یانەکەی کرد، گوتی ئەو گەنجە و هێشتا پێویستی بەفێربوون هەیە، دووپاتیکردەوە ئەو هێرشبەرە نابێ یاریگە بە شانۆ تێبگات.
ریال مەدرید سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەسەر خیتافی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بەدەستهێنا، درێژەی بەڕکاری لەسەر نازناوی لالیگادا، ئەگەرچی هێشتا چوار خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگەوە دوورە، لە کاتێکدا تەنیا پێنج گەڕ ماوە بۆ تەواوبوونی خولەکە.
ریال مەدرید لە یارییەکەی خیتافیدا گورزێکی دیکەی بەرکەوت، کارلۆ ئەنچێلۆتی دوای یارییەکە رایگەیاند، هەریەکە لە داڤید ئالابا و ئێدواردۆ کاماڤینگا پێکانیان هەیە و زەحمەتە رۆژی شەممە توانای یارییکردنیان هەبێت.
ریال مەدرید رۆژی شەممەی داهاتوو، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی، بەبێ ئالابا و کاماڤینگا، لەگەڵ بوونی مێندی لە دۆخێکی جەستەیی خراپدا، هیچ بژاردەیەکمان نییە بۆ باڵی راست، تەنیا فران گارسیا نەبێت.
لەبارەی پەرچەکرداری ئیندریکی هێرشبەری لاوی یانەکەوە، پاشئەوەی هەلێکی ئاسانی لە گێمی دووەمدا لەدەستدا و دەستبەجێ لەلایەن راهێنەرەو دانیشێنرا، ئەنچێلۆتی گوتی، "ئەو گەنجە و پێویستی بەفێربوون هەیە، دوو هەلی هەبوو، نەیدەتوانی لەوە باشتر بکات کە کردی، لەوانەبوو ئۆفساید بێت".
ئیندریک هەلەکەی زۆر ئاسانبوو، ئەو ویستی بەشێوازێکی هونەری گۆڵەکە تۆمار بکات، ئەمکارە، کارلۆ ئەنچێلۆتی تووڕەکرد، ئەو گوتی، "لە راستیدا نابێ ئەو جۆرە کارانە بکات، ئەو لە شانۆ نییە، بەڵکو تۆپی پێ دەکات و لە تۆپی پێدا ئەو جۆرە شتانە نابێ رووبدەن".
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی ئاردا گولەرەوە کە گۆڵی سەرکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد دەڵێ، "لەوانەیە نالۆژیکیی بێت بیهێنینە بەرچاوی خۆمان ئەو یاریزانی چەق بێت، بەڵام دەکرێ لە داهاتوودا لەو شوێنەش یاریی بکات".
ریال مەدرید ئومێد دەخوازێت لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا نازناوەکانی لالیگا و جامی شا بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی پێدەچێ بەدیهاتنی ئەو خەونەی کارێکی ئاسان نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ