وێنە و ڤیدیۆ؛ لیڤەرپوول گەورەترین گرێبەستی مێژووی راگەیاند

02-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەلیکساندەر ئیساک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین شەوی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا یانەی لیڤەرپوول کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی هێنا و گەورەترین گرێبەستی لە مێژووی تۆپی پێی بەریتانیادا راگەیاند.
 
لیڤەرپوول دوای ماوەیەکی زۆر لە هەوڵدان، لە کۆتاییدا لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ گەیشتە رێککەوتن و گواستنەوەی ئەلیکساندەر ئیساک، هێرشبەری سوێدیی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
 
ئیساک سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە چووە لیڤەرپوول پشکنینی پزیشکیی ئەنجامدا و درەنگانی شەو بەفەرمی گرێبەستەکەی راگەیێنرا و ئەو یاریزانە بەرامبەر 125 ملیۆن پاوەند لە نیوکاسڵەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە کرد.
 
دوای راگەیاندنی گرێبەستی یاریزانەکە، هێرشبەرە سوێدییەکە بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی گواستنەوەی پرێمەرلیگدا و پێشتر هیچ یاریزانێکی دیکە بەو نرخە نەگواستراوەتەوە.
 
ئیساک دوای پەیوەندیکردنی بە لیڤەرپوولەوە گوتی "هەست بە سەرسوڕهێنەرییەکی ززۆر دەکەم، گەشتێکی دوور و درێژ بوو تاوەکو گەیشتمە ئێرە، بەڵام زۆر دڵخۆشم کە بەشێکم لەم تیپە و لەم یانەیە و هەموو ئەو شتانەی لەسەری وەستاوە، ئەمە شتێکە شانازیی پێوە دەکەم و بەڕاستی بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەستپێکردن دەکەم."


 
ئەلیکساندەر زیاتر گوتی "هەلی ئەوەم هەیە بەشێک بم لە مێژووی یانەی لیڤەرپوول، دەمەوێت مێژوو دروستبکەم، نازناوەکان ببەمەوە و جامەکان بەدەستبهێنم، ئەوە بۆ من گەورەترین پاڵنەرە بۆ ئەوەی هەستبکەم لە شوێنێکی تەواو گونجاوم بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکەم و یارییەکەم بەرەو ئاستێکی دیکە ببەم و یارمەتی تیپەکەشم بدەم."


ئەلیکساندەر ئیساک، تەمەنی 25 ساڵە سەرەتا لە 2016 لە یانەی ئایک سۆلنای سوێدی دەرکەوتووە، پاشان بەخواستن چووەتە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و لەوێشەوە وەرزێک بەخواستن یاریی بۆ یانەی ڤیلیمی هۆڵەندی کردووە، لە ساڵی 2019 یاریزانەکە پەیوەندیی بە ریال سۆسیدادەوە کرد، لە 2022 چووە یانەی نیوکاسڵ و روویکردە پرێمەرلیگ، ئێستاش یاریزانی لیڤەرپوولە و بەدرێسی ژمارە 9 یاری دەکات.

 
ئەلیکساندەر ئیساک لە کاروانی یارییکردنیدا 324 یاریی ئەنجامداوە و 144 گۆڵی تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە