لە رکابەریی بردنەوەی ئیساکەوە بۆ لووتکەی پرێمەرلیگ

25-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەلیکساندەر ئیساک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ بەدەستهێنانی دووەم بردنەوەی لەسەریەک و درێژەدان بە سەرکەوتنەکانی یانەی لیڤەرپوول، دەچێتە سانت جەیمس پارک و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
لووتکەی ئەمجارەی نێوان هەردوو یانەی نیوکاسڵ یونایتد و لیڤەرپوول، لووتکەیەکە لە هیچ یارییەکی دیکەی نێوان هەردوو یانە ناچێت، جاران رکابەریی هەردوو تیپ تەنیا لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ بوو، بەڵام ئەمجارە تەواو جیاوازە، یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت.
 
هۆکارەکەشی ئەو رکابەرییە بەهێزەی نێوان هەردوو یانەیە لەسەر یەکلاکردنەوەی داهاتووی ئەلیکساندەر ئیساک، هێرشبەری یانەی نیوکاسڵ یونایتد، کە بەدرێژایی ئەم هاوینە ناوی بە یانەی لیڤەرپوولەوە بەسترایەوە، رێدز هەموو هەوڵێکیدا بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ئانفێڵد، بەڵام نیوکاسڵ دەستبەرداری نابێت و ئێستاش یاریزانەکە بەتەنیا مەشق و راهێنان دەکات و بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەویشدا ناکات و چارەنووسی دیار نییە.
 
لیڤەرپوول لە یەکەم دەرکەوتنیدا سەرکەوتنی بەرامبەر بۆرنمۆوس بەدەستهێنا و دەیەوێت دووەم بردنەوە تۆماربکات، بەڵام ئەوەشی بیر نەچووەتەوە کە وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپدا بە نیوکاسڵ دۆڕاوە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانەش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بکاتەوە.
 
یانەی نیوکاسڵ لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ ئاستۆن ڤیلا یەکسانبوو، یانەکە یەکەم دەرکەوتنیەتی لەم وەرزەدا لە یاریگەی خۆی و دەیەوێت بەبردنەوە شریتی یارییەکانی لە بەردەم هاندەرانیدا بکاتەوە.
 
لە 8 یاریی رابردوودا و لە وەرزی 2015-2016ـەوە نیوکاسڵ لە یاریگەی خۆیدا لە لیڤەرپوولی نەبردووەتەوە و دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بهێنێت، بەڵام بەهێزی هێڵی پێشەوەی رێدز بە سەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح، هوگۆ ئێکێتیکێ و فلۆریان ڤیرتز، پێناچێت هەلی بردنەوە بە ئاسانی بدەنە میواندارەکەیان.
 
ئەلیکساندەر ئیساک، بەهۆی ناروونی چارەنووسەکەی لەگەڵ نیوکاسڵ بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و جێریمی فریمپۆنگ، بەرگریکاری لیڤەرپوولیش لە یەکەم یارییدا تووشی پێکانبوو و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە