رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک دوایین یاریی خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت کۆتاییەکی دڵخۆشکەری بۆ هاندەرانی هەبێت.
لە دوایین گەڕی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی دهۆک لە بەغدا دەبێتە میوانی یانەی کەرخ و یانەکە چاوی لەوەیە بە بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ کۆتایی بە وەرزێکی درێژ و ماندووکەری خولی ئەستێرەکانی عێراق بهێنێت.
یانەی دهۆک لە 9 یاریی رابردوودا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، ئەمە یەکەم یاریی دەبێت دوای گەڕانەوەی سلێمان رەمەزان بۆ وەرگرتنەوەی راهێنەرایەتی یانەکە و شوێنگرتنەوەی ئەمیر ئازرەفشان و دەیەوێت بە سێ خاڵ وەرزەکەی تەواو بکات.
ئەلهویێن چیا لە کاتێکدا یارییەکە دەکەن، سزای سەر یانەکە کە بەهۆی یاریی بەرامبەر هەولێر بەسەریدا سەپێنرابوو لە دوو یارییەوە کرایە یەک یاری و لە 25 ملیۆن دیناریشەوە بۆ 10 ملیۆن دینار کەمکرایەوە و هەرسێ یاریزانی یانەکەش، لوکاس تورسی، مۆسیس لوکاس و مارلۆن دۆس سانتۆس دەتوانن یاری بکەن.
دهۆک لە 37 گەڕی رابردوودا 15 بردنەوە، 9 یەکسانبوون و 13 دۆڕانی هەیە و بە 54 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی عێراقە.
یانەی دهۆک وەرزێکی ئاڵۆز و ماندووکەری بەرێکرد، لەکاتێکدا جامی کەنداوی بردەوە، بەڵام دوای ئەوە مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەکە وازی لە کارەکەی هێنا، ئەنجامەکانی یانەکە روویان لە خراپی کرد، ئەمیر ئازرەفشان بووە راهێنەری یانەکە، بەڵام دۆخەکە هەر باش نەبوو و ئەویش دەستیلەکارکێشایەوە، ئێستا سلێمان رەمەزان راهێنەرایەتی یانەکە دەکات.
دهۆک لە خولی عێراقدا دەگاتە کۆتایی، بەڵام لە جامی عێراقدا ماوە و لە قۆناخی هەشت بەرامبەر یانەی مینا یاری دەکات، یانەکە دەیەوێت یارییەکەی ئەمڕۆ بباتەوە، بۆ ئەوەی بە ورە بەرزییەوە بۆ ئەو یارییە گرنگە ئامادەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ