نەورۆز دەیەوێت بە دڵخۆشییەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات

03-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەورۆز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز دوایین یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی خولی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بە درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی کۆتایی بەم وەرزەی رکابەریکردن بهێنێت.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 یانەی نەورۆز لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دوایین یاریی خۆی لەم وەرزەدا دەکات و میوانداریی یانەی کارەبا دەکات، یانەکەی سلێمانی لە 5 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دوایین سێ یاریی بردووەتەوە، ئەمڕۆ چاوی لەوەیە بەبردنەوەیەکی دیکە وەرزەکەی تەواو بکات.
 
یانەی نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا لە 37 گەڕدا 14 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 10 جار یەکسانبووە و 13 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
 
دوای ئەم یارییە بە ئەگەری زۆرەوە قەحتان جسیر، راهێنەری یانەی نەورۆز ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات، لەکاتێکدا پێشتر رایگەیاندبوو لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات.
 
یانەی نەورۆز ئەمە دوایین یاریی دەبێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا و چاوەڕواندەکرێت، چەند یاریزانێکی نوێ لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری بکەن، بەتایبەت کە یانەکە یارییەکی گرنگی لە پێشە و لە جامی عێراقدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زاخۆ یاری دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە