هاندەرانی مان یونایتد نایانەوێت درێسی ژمارە 7 بۆ سانچۆ بێت

03-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جادۆن سانچۆ مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتال

هەموو هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی حەزدەکەن جادۆن سانچۆی یاریزانی ئینگلیزی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئینگلیزی بچێتە ریزەکانی یانەکەیان، بەڵام هەندێکیان نایانەوێت ئەو یاریزانە درێسی ژمارە 7ـی یانەکەیان لەبەربکات.

بەپێی هەواڵی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، یانەی مانچێستەر یونایتد نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ سانچۆ، کە خودی یاریزانەکەش حەزدەکات یاری بۆ یانەی شەیتانە سوورەکان بکات.

هەندێک لە هاندەرانی مانچێستەر یونایتد پێیانوایە نابێت درێسی ژمارە 7ـی یانەکەیان بە سانچۆ بدرێت، کە بە درێسی ئەفسانەکان ناودەبرێت، چونکە ئەوان لەوە دەترسن یاریزانەکە بەر نەفرەتی درێسەکە بکەوێت، کە لەدوای دەیڤد بێکهام و کریستیانۆ رۆناڵدۆوە هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە مافی درێسەکە بدات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوادارانی یانەی شەیتانە سوورەکان زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.

ئەگەر سانچۆ پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدەوە بکات، دوو درێسی بەردەست دەبێت بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت، یەکێکیان ژمارە 7 کە ئەلیکسیس سانچێزی یاریزانی چیلی خاوەنیەتی، بەڵام ئەو ئێستا بە خواستن یاری بۆ یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات و پێشبینی دەکرێت نەگەڕێتەوە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد، سانچۆ هەروەها دەتوانێت درێسی ژمارە 11ی مانچێستەر یونایتدیش وەربگرێت، کە ئێستا هیچ خاوەنێکی نییە.

ریۆ فێردیناندی بەرگریکاری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد پێیوایە جادۆن سانچۆ هەموو سیفەتێکی ئەوەی تێدایە کە شایەنی لەبەرکردنی درێسی ژمارە 7ـی یانەی شەیتانە سوورەکان بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە