مان یونایتد ئەستێرەیەکی لالیگا دەباتە پرێمەرلیگ

19-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد ئانتوان گریزمان پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستپێدەکات. 
 
بەپێی میدیاکان، یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئانتوان گریزمان، هێرشبەری فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکات.
 
بەپێی دوایین هەواڵەکان، بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە بۆ مەدرید گەشتییان کردووە و لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانی ئەستێرە فەرەنسییەکە کۆبوونەتەوە، مان یونایتد بەدەست قەیرانی گۆڵکردنەوە دەناڵێنێت و یانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تەنیا 13 گۆڵی تۆمار کردووە و ئەمەش کەمترین ژمارەی گۆڵە لە 12 یانەکەی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە. 
 
لەسەر داوای ئێریك تێن هاگی راهێنەر، یانەی مانچێستەر یونایتد، لە هاوینی ئەمساڵدا بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی، بە گرێبەستێك بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ راسمۆس هۆیلاندی دانیمارکی گواستەوە ریزەکانی تیپەکەی، بەڵام یاریزانەکە رێگەی گۆڵی بزرکردووە و لە پرێمەرلیگدا هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە.
 
تێن هاگ دەیەوێت گوشارەکانی سەر هۆیلاندی هێرشبەری یانەکە کەم بکاتەوە و بە هێنانی هێرشبەرێکی بە ئەزموونی وەك گریزمان یانەکە لەو قەیرانی گۆڵکردنە رزگار بکات کە تێیکەوتووە. 
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید دڵخۆشن بەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە لەم وەرزەدا پێشکێشی دەکات، بەڵام نیگەرانن لەو هەواڵانەی باس لە گرنگیپێدانی گریزمان دەکەن لەلایەن مان یونایتدەوە، بە تایبەتیش کە بەپێی میدیاکان مەرجی شکاندنی گرێبەستی ئەستێرە فەرەنسییەکە تەنیا 25 ملیۆن یۆرۆیە و مان یونایتد ئامادەیە ئەو بڕە پارەیە بدات.
 
ئانتوان گریزمانی تەمەن 32 ساڵ، ساڵی 2021 دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا، گەڕایەوە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و لەگەڵ یانە مەدریدییەکە توانیویەتی بگەڕێتەوە ئاستی راستەقینەی خۆی و لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی بەشداری 16 یاری کردووە و 12 گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.
 
 ئەم ئاستە بەرزەی یاریزانەکە پێشکێشی دەکات وای کردووە زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان لەسەربێت و بیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە