رابەر جەلال: سیروانی نوێ باشترین بژاردە بوو

03-09-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن رابەر جەلال سیروانی نوێ
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

رابەر جەلال، یاریزانی نوێی یانەی سیروانی نوێ دوای بەسەربردنی وەرزێکی دوور و درێژ لەگەڵ هەردوو یانەی ئاکرێ و چوارقوڕنە، بۆ وەرزی نوێ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی سیروانی نوێ کرد. 
 
رابەر جەلال لە لێدوانیکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "سیروانی نوێ ئامانجی هەیە و ئەوان دەیانەوێت بۆ وەرزی نوێ بەشداری لە خولی پلە دووی عێراقدا بکەن، وەرزی رابردووش چەند یارییەکم لە خولی پلە سێیەکانی عێراقدا لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ ئەنجامدا، لە ماوەیەکی کەمدا توانیم خۆم لەگەڵ کەشی یانەکە بگونجێنم". 
 
رابەری 27 ساڵان، وەرزی رابردوو لە نیوەی وەرز لە یانەی ئاکرێوە پەیوەندی بە یانەی چوارقوڕنەوە کرد و تەنیا نیو وەرز لە یانەکەدا مایەوە. ئەو لەسەر بەجێهێشتنی چوارقوڕنە بە رووداو سپۆرتسی گوت "وەرزی رابردوو یانەی چوارقوڕنە کێشەی دارایی هەبوو و تاوەکو کۆتایی وەرز کێشەکان چارەسەر نەکران، تەنانەت تاوەکو ئێستا مووچەیەکمان لەلایان ماوە، بۆیە کاتێک مامۆستا غەریبی راهێنەری یانەی سیروانی نوێ پەیوەندی پێوەکردم راستەوخۆ قبوڵمکرد و رازی بووم". 
 
سیروانی نوێ، بۆ وەرزی نوێ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە و تاوەکو ئیستا گرێبەستی بەشێک لە یاریزانەکانی نوێکردووەتەوە و گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی نوێ واژۆ کردووە.
 
سیروانی نوێ، وەرزی رابردوو بەشداری لە خولی نایابی کوردستان و خولی پلەی سێی عێراقدا کرد و سەرکەوت بۆ خولی پلە دووەکانی عێراق. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە