هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی خانمانی عێراق دەچێتە قەتەر

دوێنێ کاژێر 02:47
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی خانمانی عێراق پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی خانمانی عێراق، کە راهێنەر و سێبەشی یاریزانەکانی کوردن، بەشداری لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب و رۆژئاوای ئاسیا لە قەتەر دەکات.
 
بڕیارە رۆژی 20ـی ئەم مانگە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر میوانداریی پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و وڵاتانی عەرەب بکات، هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کە بەچوار یاریزان کە سیانیان کوردن بەشداری دەکات. 
 
پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بەمشێوەیە: خزەیر پاشا راهێنەر، ئادەم نادر راهێنەر لەگەڵ یاریزانان ئیمان محەممەد، دەریا محەممەد، سۆزیار فاتیح و لۆژیان حازم. 
 
ئیسماعیل مەولوود، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "بەهیوای بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە رووی کارگێڕی و هۆڵ و پێداویستییەکانی هەڵبژاردەکە، لە شاری هەولێر هەموو کارێکمان بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کردووە، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە دەستەی راهێنەران و سێ خانمانە یاریزانیش کوردن".
 
بەر لە دوو مانگ یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق لە رێگای سازکردنی پاڵەوانێتییەک بۆ سەرجەم یاریزانانی شارە جیاوازەکان، پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەکەی دەستنیشانکرد، تیپەکە چاوی لە ئەنجامێکی گەورە و بەدەستهێنانی میدالیایە. 
 
ئیمان محەممەد، خانمە یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی خەون و ئامانجەکانی بۆ دوو پاڵەوانێتیی داهاتووی بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "بەدڵنیاییەوە چاوم لە بەدەستهێنانی میدالیای زێڕە و دەمەوێت باشترین ئاست و ئەنجام بەدەستبهێنم، ماڵباتەکەم بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیم دەکەن".
 
شاری هەولێر مێژووییەکی گەورەی لە یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی هەیە، پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب لە 2022 لەنێو هۆڵی داخراوی شەقڵاوە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق ئەوکات کە سێبەشی یاریزانەکانی کورد بوون، نازناوی پاڵەوانێتییەکە و دەیان میدالیای زێریان بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە