رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین پێشهاتدا لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولی سعودیە و یاخیبوونی لە بەرپرسانی سندووقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاریداوە لەگەڵ یانەکەی دەست بە مەشق بکاتەوە، بەڵام لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، چارەنووسی خۆی بەتەواوی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی دەکاتەوە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، رۆناڵدۆ کۆتایی بەیاخیبوونی خۆی دەهێنێت و ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ تیپەکەی و لە ژێر سەرپەرشتی جۆرجی خیسۆسی راهێنەری نەسڕ، دەست بە مەشق دەکاتەوە.
رۆناڵدۆ مشتومڕێکی زۆری نایەوە، دوایئەوەی بەشداریکردنی لە یاریی نەسڕ بەرامبەر ریاز رەتکردەوە کە رۆژی دووشەممە لە گەڕی 20ی خولی سعودیە ئەنجامدرا و تێیدا نەسڕ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
بڕیارەکەی رۆناڵدۆ، ناڕەزایەتی بوو لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، کە سەرپەرشتی هێنانی یاریزانان بۆ یانەکانی خولەکە دەکات. رۆناڵدۆ پێیوایە نەسڕ کەمتر لە هیلال پشتگیری دەکرێت و ئەوەش هەلی رکابەریی هاوسەنگ لە خولەکەدا لەبار دەبات.
گواستنەوەی کەریم بنزیما لە یانەی ئیتیحادەوە بۆ یانەی هیلال، خاڵی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی رۆناڵدۆ بوو، ئەوە وای لەو یاریزانە کرد لە مەشقکردن یاخی ببێت و هەڕەشەی رۆیشتن لە خولەکە بکات.
رۆژنامەی 'ریکۆرد'ی پۆرتوگالی ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە مەشقەکانی یانەکەی، لەگەڵ تیپەکەیدا خۆی بۆ بەشداریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی ئیتیحاد ئامادە دەکات کە بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
رۆژنامەکە دەڵێ، بەپێچەوانەی ئەوەی میدیای سعودیە بڵاویانکردووەتەوە، رۆناڵدۆ ریازی بەجێنەهێشتووە بۆ گوشارکردنە سەر بەرپرسانی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، هەروەها بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەیدا کردووە.
ترکی ئەلعەجمەی میدیاکاری سعودی، لای خۆیەوە رایگەیاندووە رۆناڵدۆ ئەمڕۆ بەڕێژەی 90 لەسەد بەشداری لە مەشقەکاندا دەکات.
رۆژنامە پۆرتوگالییەکە دەڵێ، "گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مەشقەکان، مانای کۆتایی هاتنی یەکجاریی ناکۆکییەکانی ئەو ئەستێرەیە نییە لەگەڵ بەرپرسانی خولی سعودی، بەڵکو کریستیانۆ سوورە لەسەر ئەوەی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا خولەکە بەجێبهێڵێت".
هەمان رۆژنامە دەڵێ، گەڕانەوەی ئەفسانە 41 ساڵییە پۆرتوگالییەکە بۆ خولی وڵاتەکەی هێشتا ئەگەرێکی بەهێز نییە، بەڵکو لە نێوان یەکێک لە خولەکانی ئەورووپا و خولی ئەمریکیدا، رۆناڵدۆ چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
کریس لە وەرزی ئەمساڵدا لە کۆی 22 یاری لەگەڵ یانەی نەسڕ 18 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ