رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو، یانەی فەنەرباهچێلەی تورکی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئێنگۆلۆ کانتێی ناوەڕاستکاری فەرەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی راگەیاند، پاشئەوەی هەردوو یانە نزیکبوون لە شکستهێنان لە ئەنجامدانی گواستنەوەکە.
گرێبەستەکە بەهۆی هەڵەیەکی کارگێڕییەوە خەریک بوو شکست بهێنێت ئەگەر دەستوەردانی سەرۆکی تورکیا نەبوایە.
یانەی فەنەرباهچەی تورکی ئاشکرای کرد کە دەستوەردانی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پشت چارەسەرکردنی قەیرانی گرێبەستی گواستنەوەی ئێنگۆلۆ کانتێ بووە لە یانەی ئیتیحادەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە سعودیە و تورکیا لێکەوتەوە.
سادەتین ساران، سەرۆکی یانەی فەنەرباهچە، راگەیندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی ئەردۆغانی کرد دوای دەستوەردانە یەکلاکەرەوەکەی بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هەڵەیەک لە رێکارەکانی تۆمارکردندا، گرێبەستەکە لە لێواری شکستدا بوو.
ساران لە راگەیندراوەکە گوتی "یانەکەمان بە سەرکەوتوویی رێکارەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان، ئێنگۆلۆ کانتێ، کۆتایی پێهێنا، بەناوی خۆم و بەناوی یانەی فەنەرباهچەوە، سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی سەرۆک کۆمارمان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم، بۆ ئەو پشتگیرییە گەورەیەی پێشکێشی کرد لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی لەم پرۆسەیەدا، کە ئەمەش بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی یانەی فەنەرباهچە و تۆپی پێی تورکیا بە هەمان شێوە."
هەروەها دەڵێ "دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە بڕوای هاندەرە مەزنەکانی فەنەرباهچە بە یانەکەیان، ئەو پشتگیرییە بەهێزەی نیشانیاندا، ئەو متمانەیەی لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لەگەڵماندا هەستمان پێکرد، گەورەترین سەرچاوەی هاندەر و هێز بوون بۆمان، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم هێزە بگوازینەوە بۆ سەر چیمەنی یاریگا و لە پشت تیپەکەمان بوەستین."
وردەکارییەکانی کێشەکە چی بوون؟
یانەی فەنەرباهچە نیوەڕۆی دوێنێ رایگەیاندبوو کە گرێبەستی گواستنەوەی کانتێ لە ئیتیحاد تەواو نەبووە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتن لە ناردنی بەڵگەنامەکانی یاریزانەکە لەلایەن ئیتیحادەوە لە رێگەی سیستەمی TMSـەوە، هەروەها دواتر ئاماژەی بەوەش کردبوو ئەو داواکارییەی پێشکێشی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا)یان کردبوو، رەتکرابووەوە.
بەڵام دواتر دەرکەوت کە سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە دەستوەردانی کردووە و توانیویەتی کێشەی گرێبەستەکە چارەسەر بکات.
ئێنگۆلۆ کانتێ لە مانگی ٧_ی 2023 دا پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادەوە کرد، لەو کاتەوەی گەیشتووەتە ئەم یانەیە زیاتر لە 30 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بۆ یانەکە ئەنجامدا، کانتێ لە ماوەی یاریکردنی بۆ یانەی ئیتیحاد، نازناوی خولی سعودیەی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ