پۆچێتینۆ: ناچارین سەرکێشی بکەین

04-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماوریسیۆ پۆچێتینۆ مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتال

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی ئامادەیە بۆ بەرگەگرتنی ئەو ساتەوەختانەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی دەناڵێنێت و گوتی "هیچمان نییە بۆ ئەوەی لەم یارییەدا لەدەستیبدەین".

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئیتحاد رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، کە لە یاریی چووندا مانچێستەر سیتی 2 - 1 یارییەکەی بردووەتەوە.

راهێنەری پی ئێس جی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تیپەکەی سەرەڕای دۆڕاندنی یاریی یەکەمی، چانسی ئەوەی ماوە لە مان سیتی بباتەوە و بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

راهێنەری ئەرجەنتینی سەرەتا باسی هەڵوێستی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی تیپەکەی لەبارەی بەشداریکردن لەم یارییەدا کرد، کە تووشی پێکان بووە و گوتی "دەبێت چاوەڕێ بکەین و دۆخی کیلیان هەڵسەنگێنین، ئەمڕۆ بە تەنیا مەشقی کردووە، دەبێ بزانین تا چەند ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە راهێنانە بەکۆمەڵەکان، هێشتا هەندێک کاتمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە بڕیاری کۆتایی بدەین".

لەبارەی شێوازی یاریکردنیشییەوە، ئەو راهێنەرە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەردەوام دەبن لەسەر پشتبەستن بەهەمان ئەو شێوازەی لەوەتەی بووەتە راهێنەری تیپەکە، پەیڕەوی دەکەن، چونکە وەکخۆی گوتی "ئەوە متمانە بە یاریزانەکانمان دەدات".

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، دانی بەوەدا نا کە زەحمەتە بەرامبەر سیتی کۆنترۆلی تۆپ بکەن و گوتی  "مان سیتی ماوەی پێنج ساڵە یاری بەم فەلسەفەیە دەکات، ئەوەش بۆمان دەردەخات کە لە چەند ماوەیەکی یارییەکەدا دەناڵێنین، ئێمە زیاتر سەیری هاوسەنگی گۆڕینی هێرش دەکەین". هەروەها گوتیشی "بەڵام کاتێک تۆپەکە دەکەوێتە دەستمان دەبێت بوێرانە یاری بکەین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین کە دەمانبن".

ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینیە دانی بەوەدا نا کە ئەنجامی یاریی یەکەم ناچاریان دەکات هەندێک سەرکێشی بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە ئاڵنگاری لای ئەو ئامادەباشی یاریزانەکانیەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکانی یارییەکە، چونکە رکابەرەکەیان زۆر زیرەک و ژیرانەیە و بەشێوازی جیاوازیش یاری دەکات".

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، لە بەردەوامی قسەکانیدا، روونیکردەوە "گەیشتن بە یاریی کۆتایی بۆ ئێمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و هاوشانی مۆندیال، ئەمە گرنگترین خولی جیهانە، چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتییەکی سەرسوڕهێنەرە و هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین کە لەم ئاستەدا بین".

هەروەها گوتیشی "ئامانجی ئێمە بردنەوەی چامپیۆنزلیگە، بۆیە دەبێت هەر لە ریزی یەکەمدا بمێنینەوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە