بڕیارێک لە دژی یانەی نەورۆز کاردانەوەی لێکەوتەوە و یانەکەش دڵنیایی دەداتە هاندەرانی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەورۆز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی سزادانی یانەی نەورۆزوە ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە و بڕیارەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی گوتنەوەی قسەی نەشیاو لەلایەن هاندەرانی یانەی نەورۆز لە یاریی بەرامبەر یانەی جەوییە، یانەی نەورۆز بە یارییەک سزادرا و لە یاریگەی خۆیدا بەبێ هاندەر یاریی دەکات. ئەم بڕیارە کاردانەوە و ناڕەزایەتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەژێر کاریگەریی کاردانەوەکانیشدا بڕیارەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
دوای ئەو بڕیارە، یانەی نەورۆز هەر زوو وەڵامی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، دوای بڕیای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سەبارەت بە سزادانی هاندەرانی یانەکەمان بەبێبەشکردنیان لە یەک یاری، دەستبەجێ کاربەدەستانی یانەکەمان و چەند دۆستێکی یانەکەمان سەرقاڵی چارەسەر کردنی ئەو بڕیارە نابەجێیەن، ئێمە وەکو یانەی وەرزشی نەورۆز هەرگیز لە مافی یانەکەمان و هاندەرانی یانەکەمان خۆش نابین، کە خۆیان بۆ یاریی بەرامبەر شورتە ئامادە کردووە و تکتی یارییەکەیان کڕیوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەڵگەکان و ئەنجامەکان دەخەینە ڕوو.
 
پاشان یانەی جەوییە خۆی هاتە سەرهێڵ و پاڵپشتیی یانەی نەورۆزی کرد، یانەکە دەڵێت "سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ میوانداریی جوانی یانەی نەورۆز دەردەبڕین، لە هەمان کاتدا سەرکۆنەی بڕیاری بێبەشکردنی هاندەرانیان دەکەین. دووپاتیدەکەینەوە ئەوەی روویدا بە "ئەنقەست" بوو، هەربۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەبڕیارەکەدا بچنەوە، چونکە هاندەران رۆحی تۆپی پێن و بێبەشکردنیان زیان بە وەرزش دەگەیەنێت".
 
ئاڵتراس و دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆزیش ئەو سزایە رەتدەکەنەوە و دەڵێن "ئێمە دەجەنگین بۆ یانەکەمان و لەپێناو شارەکەمان، ئێمە شەڕی هاندان دەکەین نەک وشەی نەشیاو، دڵنیابن لە دەرەوەی یاریگاش بین دەبێت هێندە بەرز هاوار بکەین دەنگمان بگاتە پایتەختی عێراق".
 
لەلایەن خۆیەوە زیا ئەبوبرێر، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی جەوییە گوتی " سوێند به‌خوا یاریی نه‌ورۆز زۆر جوان بوو، هانده‌رانیان پێشوازییه‌كی وایان لێكردین قه‌ت نه‌ماندیتووە. زۆر جوان پێشوازیمان لێكرا و دوای یارییه‌كه‌ش به‌جوانی به‌ڕێكراین. ته‌نانه‌ت هیچ هوتافی ناشرینمان بەرامبەر نەگوترا و ئه‌و قسانه‌ی كراون، درۆن".
 
بڕیاری بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی نەورۆز بۆ یارییەک، لەکاتێکدایە یانەکە رۆژی سێشەممە لە یارییەکی بەهێز و گرنگدا لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی شورتەی خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات و هاندەران پێشتر بلیتی ئەو یارییەیان کڕیووە.
 
درەنگانی شەوی رابردوو، یانەی نەورۆز وێنەی منداڵێکی لە پەیجەکەی بە جلوبەرگی کوردییەوە داناوە و نووسیوویەتی "من هاندەرێکی چکۆلانەی نەورۆزم. بە کوردی لە دایک بووم. من یانەکەم خۆشدەوێت، ئەوانیش منیان زۆر خۆشدەوێت.ئەوان ئەمشەو دنیایان تێ گەیاند و نەیانهێشت من بێ بەشبم لە تەماشاکردنی یاریی داهاتووی یانەکەم، چونکە وتیان یان ئێمە یان مافی هاندەرانمان، بۆیە منیش لە کۆتاییدا دڵنیا بووم لەوەی کە ئەم یانەیە هی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، بژی کوردستان بژی نەورۆز.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە