ئەستێرەکانی یانەی هەولێر بوونەتە ئامانجی گەورە یانەکانی عێراق

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەستێرەکانی یانەی هەولێر بازاری گواستنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتال

هەریەک لە یانەکانی زەورا و گەرمە بەشێوەیەکی فەرمی هەوڵەکانیان بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ گۆڵکارانی یانەی هەولێر چڕکردووەتەوە و بڕە پارەی زۆریشیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە.
 
شێرزوود تێمیرۆڤ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان، تەمەن  27 ساڵ، توانی هەموو چاوەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت، ئەو ئەستێرەیە لە یەکەم تاقیکردنەوەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی ژمارە نۆی یانەی هەولێری پۆشی، ئێستا بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە. 
 
ئاستبەرزی شێرەکەی هەولێر وایکردووە هەولێر رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی خولەکە بکات، نیوەی گۆڵەکانی درێس زەردەکان شێرزوود تێمیرۆڤ تۆماریکردووب، ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان شێرزوود سێ یاریی لە ئیمپڕاتۆر دوور بوو. 
 
یانەی گەرمە ناسراو بە پاریس سانجێرمانی عێراق، تیپێکی نوێیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام تیپێکی گرانبەهایە و بەنێوبانگ بە گرێبەستی گەورە و کۆکردنەوەی یاریزانە گەورەکان، گەرمە بەشێوەیەکی فەرمی بڕی زیاتر لە 750 ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەشی شێرزوود کردووە، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو بچێتە ریزەکانی.
 
بەپێی سەرچارەیەکی نزیک لە یانەی گەرمە، سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی گەرمە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی شێرزوود تێمیرۆڤ قسەیکردووە و ئامادەیی یانەکەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ شێرەکەی هەولێر بۆ گرێبەستێکی گرانبەها ئاشکراکردووە. 
 
گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق هێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، لەبەرئەوەی مانگی داهاتوو بەشداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات، حەز دەکات لە یانەیەکی دەرەوەی عێراقیش گرێبەستی پێشکەش بکرێت و دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و مۆندیال دەیەوێت چارەنووسی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
 
پێشتر شێرزوود تێمیرۆڤ، ئەستێرەی یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "من بەڵێنم بە هیچ کەس و لایەنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم نەداوە، با چاوەڕێبین تا دوای کۆتایهاتنی خولەکە بزانین چیدەبێت، هەر بژاردەیەک بۆ من باش بێت، بێگومان واژۆی لەسەر ئەو گرێبەستە دەکەم". 
 
هێشتا یانەی هەولێر هەوڵەکانی بۆ هێشتنەوەی باسم قاسم، راهێنەر و یاریزانانەکانی نەخستووەتەگەڕ، سەفین یاسین سەرۆکی یانەکە بۆ رووداو سپۆرتسی ئاشکراکرد "دوای یاریمان بەرامبەر یانەی کارەبا لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەر دادەنیشین بۆ ئەوەی باس لە مانەوەی و هێشتنەوەی یاریزانەکان بکەین". 
 
کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی لاو یەکەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریدەکات، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و رۆڵی گەورەی لە هێشتنەوەی گۆڵی یانەی هەولێر بە خاوێنی لە چەندین یارییدا هەبووە، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراقە و بەشداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات.
 
یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستێکی دووقات لەو مووچەیەی ئێستا لە یانەی هەولێر وەریدەگرێت پێشکەش بەو گۆڵپارێزە کردووە، ئالهۆێین چیای ئامادەیە بەفەرمی لەگەڵ گۆڵپارێزەکە دانیشتن بکات و داواکاریی دیکەشی بۆ جێبەجێدەکات.
 
یانەی نەورۆزیش خواستی گەورەی بۆ گرێبەستکردن لە کومەیل سەعدی هەیە، بەڵام هێشتا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نرخی گرێبەستەکە پێشکەش نەکردووە.
 
مایکۆڵ کابرێرا، تەمەن 29 ساڵ هێرشبەری ئۆرۆگوای لە گواستنەوەی زستانەدا پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد، پێنج گۆڵی هەیە و بووەتە جێگای بایەخی یانەی زەورا. 
 
بەر لە هەفتەیەک لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی زەورا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا روونیکردەوە "گەر لە تیپەکەمدا هێرشبەری باشی وەک ئەستێرەکانی یانەی هەولێر بوونیان هەبا، ئێستا پێشەنگی خولەکە دەبووین". 
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بەکۆکردنەوەی 66 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، بەربژێرە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەشداریی جامی یانەکانی کەنداو یان چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا بکات، بۆیە هێشتا ئەستێرەکانی یانەکە هیچ بڕیارێکیان لەسەر داهاتوویان نەداوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە