رووداو دیجیتاڵ
سێر ئەلێکس فێرگسۆن، راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد، بەر لە کلاسیکۆی نێوان مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول نەخۆش کەوت و بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
سێر ئەلێکس فێرگسۆن، راهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، لە یاریگای ئۆڵد ترافۆردەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە دوای ئەوەی لەناو یاریگاکەدا هەستی بە ناتەندروستی کردووە.
راهێنەرە 84 ساڵەکە بۆ یاریی کلاسیکۆی پرێمەرلیگ چووە ئۆڵدترافۆرد، بەڵام لەناو تەندروستیی تێکچوو و بەپەلە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت تەنیا وەک رێکارێکی خۆپارێزی خراوەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەم زووانە بگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ وەرگرتنی پشوو.
سێر ئەلێکس سەرکەوتووترین راهێنەرە لە مێژووی یانەکەدا هەمیشە لە یارییەکانی ناوەوە و دەرەوەی یاریگای یونایتد ئامادە دەبێت و پێش یارییە گەورەکەی پریمەرلیگ لە نێوان یانەکەی و رکابەرە مێژووییەکەیان گەشتی بۆ ئۆڵد ترافۆرد کردبوو.
ئاماژە بەوە دراوە کە زیاتر لە کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
مانچستەر یونایتد بە ئەنجامی 3-2 لە لیڤەرپوولی بردەوە و بەمەش شوێنی خۆی لە چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد.
فێرگسۆن لە ساڵی 2018 تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاکبووەوە؛ هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەم رووداوەی ئێستا پەیوەندی بەو کێشە کۆنەیەوە هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ