پەیامێکی ئاگرین لە ڤینیسیۆسەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید، دوای بردنەوە لە ئیسپانیۆل، پەیامێکی ئاگرینی بڵاوکردەو و رایگەیاند "من تاوەکو مردن لەگەڵ ئەم یانەیەم".
 
ڤینی سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گرنگ بەرامبەر ئیسپانیۆل دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵی نایاب، تاوەکو جارێکی دیکە پێگەی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تیپی شاهانە لەم وەرزەدا دووپات بکاتەوە.
 
ڤینی لە گێمی دووەمدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەمەش پاڵنەرێکی مەعنەوی گەورەی بە ریال مەدرید بەخشی پێش جەنگی کلاسیکۆ بەرامبەر  بارسێلۆنا کە یەکشەممەی داهاتوو لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو بەڕێوەدەچێت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر دوای یارییەکە لەڕێگەی هەژماری خۆی لە ئینستاگرام پەیامێکی ئاگرینی لەگەڵ چەند وێنەیەکی یارییەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "من تاوەکو مردن لەگەڵ ئەم یانەیەم. دەبێت بەردەوام بین! دەگەڕێینەوە بۆ لووتکە".
 
ئەم یاریزانە کە لە کاتی یارییەکەدا نیشانەی کاپتنی لەدەست بوو، دوای یارییەکە بە زمانی سەرکردە و بەرپرسێک قسەی کرد و جەختی لەسەر پێویستی کارکردنی سەخت کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی یانەکە لە وەرزی داهاتوودا.
 
ڤینیسیۆس گوتی "یارییەکی باش بوو بۆ ئێمە، پێکەوە یاریمان کرد و جەنگاین، ئەمەش وامان لێدەکات باشتر و بەهێزتر بین. کاتێک بەم شێوەیە یاری دەکەین، دەتوانم بە تۆمارکردنی گۆڵ یارمەتی تیپەکەم بدەم. بەدرێژایی هەفتە بە باشی کارمان کرد و دڵنیابووین لەوەی یارییەکی بەهێز ئەنجام دەدەین. ئێستا دەبێت بیر لە یاریی داهاتوو بکەینەوە، کلاسیکۆ، کە هەمیشە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەیە".
 
یاریزانە بەرازیلییەکە بەردەوام بوو لە درەوشانەوە سەرنجڕاکێشەکەی و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، چونکە توانی لە 5 وەرزی لەسەریەکدا 20 گۆڵ یان زیاتر بۆ ریال مەدرید تۆمار بکات، ئەمەش دەستکەوتێکە کە رەنگدانەوەی بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەوە.
 
ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی شاهانە لەو بارەیەوە گوتیشی "کارکردن ئەوەیە کە دەتباتە لووتکە. من هەموو ساڵێک کارم کردووە بۆ گەیشتن بەم ژمارانە و بەدەستهێنانی نازناوەکان. وەرزەکە وەک ئەوە نەبوو کە دەمانویست، بەڵام دەبێت سوود لەوەی ماوە وەربگرین بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە لەپێناو وەرزی داهاتوو. دڵنیام دەگەڕێینەوە بۆ ئەو لووتکەیەی کە دەبێت ئەم یانەیە هەمیشە لێی بێت".
 
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی داهاتوویان بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا، ڤینیسیۆس دووپاتی کردەوە کە تیپەکە ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکە بەورەیەکی بەرزەوە و گوتی "دەبێت هەفتەیەکی باش بەسەر ببەین بۆ ئەوەی رکابەری بکەین و وەک ئەمڕۆ یاری بکەین. ئەمە یارییەکە کە حەزدەکەین ئەنجامی بدەین و هیوادارم لە باشترین ئامادەباشیدا بین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن".
 
لێدوانەکانی ڤینیسیۆس لەکاتێکدایە کە ریال مەدرید هەوڵ دەدات وەرزەکەی بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنێت، لە نێوەندی چاوەڕوانییەکانی هاندەرانیدا بۆ بینینی گەڕانەوەی تیپەکە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان لە وەرزی داهاتوودا بەسەرکردایەتی نەوەیەکی نوێ لە ئەستێرەکان کە لە پێشەنگیاندا ئەستێرە بەرازیلییە درەوشاوەکە دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە