رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی ریال مەدرید داواکارییەکی چابی ئەلۆنسۆ بۆ گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید رەتدەکاتەوە و رازی نییە بگەڕێتەوە ریزەکانی ئەو یانەیە.
ریال مەدرید بەردەوامە لە دانانی بناخەکانی پڕۆژە نوێیەکەی وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی داهاتوو، لەژێر سەرپەرشتی تەکنیکی چاوەڕوانکراوی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانی، کە بڕیارە لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی ببێتە راهێنەری تیپی یەکەم.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی تیپەکە بەپێی دیدێکی تاکتیکی نوێ، ئەلۆنسۆ ئارەزووی خۆی بۆ گەڕانەوەی چەند یاریزانێک دەربڕیوە، کە پێشتر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یارییان کردووە، دیارترینیان خۆسێلۆی هێرشبەرە، کە وەرزی رابردوو بەخواستن یاری بۆ یانەکەی کردووە.
هەرچەندە بەشداریکردنی خۆسێلۆ لەگەڵ ریال مەدرید سنووردار بووە، بەڵام بە ئاستە کاریگەرەکانی سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی راکێشاوە، بەتایبەتی وەک یاریزانی یەدەگ، خاوەنی هەستێکی بەهێزی توانای گۆڵکردنی هەیە لەنێو ناوچەی سزا، کوالیتییەک کە لە پێکهاتەی ئێستای ریال مەدریددا یاریزانێکی وەک ئەو نییە.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە، لەم دواییانەدا پەیوەندی لەگەڵ ئەو یاریزانە دروستبووە، کە ئێستا یاری بۆ یانەی غەڕافەی قەتەری دەکات و ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵیدا تاوەکو ساڵی 2026 درێژە دەکێشێت، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوە بۆ ساڵێکی دیکە.
بەگوێرەی هەمان ئەو سەرچاوانە، ریال مەدرید لەسەر داوای ئەلۆنسۆ پەیوەندی بە خۆسێلۆوە کردووە، بەڵام ئەو داوای لێبوردنی کردووە و پێیگوتوون "ببورن ناگەڕێمەوە".
خۆسێلۆ ویستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەپڕۆژەی وەرزشیی لەقەتەر پشتڕاستکردووەتەوە.
ئەو یاریزانە پێزانینی زۆری خۆی بۆ ریال مەدرید و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر دەربڕیوە، بەڵام پابەندبوونی پیشەگەری و خواستی درێژەدان بە ئەزموونەکەی لە خولی ئەستێرەکانی قەتەر وایکردووە بەمتمانە و بەڕوونی بڕیاری رەتکردنەوە بدات.
ئەم رەتکردنەوەیە بەربەستێکی نوێ بۆ ئەلۆنسۆ دروست دەکات، کە بیری لە گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی تەقلیدی دەکردەوە کە لە تۆپی بەرز بەهێزبێت و لە یارییە ئاڵۆزەکاندا رەهەند و وزەیەکی زیاتر بە تیپەکە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ