رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی ریال مەدریدیان ئاشکراکردووە کە لە دۆخی خۆیان لە تیپەکە بێزارن و لەگەڵ ئەلۆنسۆی راهێنەردا ناکۆکییان هەیە.
ریال مەدرید بەدۆخێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت، پاشئەوەی لە سێ یاریی رابردوودا لە لالیگا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و بەوەش جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنای دووەمی ریزبەندی لالیگا، بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمبووەوە.
ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریان خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، میدیاکان دەڵێن، ناکۆکی لە ریال مەدرید بەتووندی سەریهەڵداوە، ئەنجامەکان وایانکردووە، ژمارەیەک یاریزانی یانەکە، هەست بەبێئومێدیی دەکەن.
لە دوای شکستی دێربیی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، گۆڕانکاریی گەورە لە بۆچوونی میدیاکان بەرامبەر ئەلۆنسۆ سەریهەڵداوە، میدیاکان دەڵێن، ریال مەدرید 'تیپێکی بێ رۆحە'.
ئەنجامەکانی چەند هەفتەی رابردوو، بەتایبەت بەرامبەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ و ئێلچی لە لالیگا، هێندەی دیکە دۆخەکەیان بەرەو تەقینەوە بردووە.
رادیۆی 'کوبێ' ئاشکرایکردووە، دۆخی ناڕەزایەتی لەکاری راهێنەری یانەکە و بڕیارەکانی، لەنێو یاریزاناندا سەریهەڵداوە. هەروەها دەڵێ، "هەندێک رووداوی نەخوازراو لە ژووری جلگۆڕیندا روویانداوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک یاریزانی تیپەکە لە دۆخی خۆیان و شێوازی یارییکردنی ئەلۆنسۆ ناڕازین. لیستی یاریزانە ناڕازییەکان لە یانەکەدا بریتین لە کاماڤینگا، رۆدریگۆ، براهیم دیاز، ڤینیسیۆس، ڤاڵڤێردی و مێندی.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ئەو یاریزانانە بەپێی پێویست یاریی ناکەن و ئەوەش بەهۆی ناڕەزاییانە لە شێوازی یاریکردن و شوێنی یارییکردنی خۆیان.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، بێلینگهامیش دەکرێ لەنێو هەمان لیستدا بێت، بەڵام هێشتا لەسەداسەد یەکلانەبووەتەوە ئەو یاریزانە زیاتر مەیلی بەلای بەرەی دژی ئەلۆنسۆ یان لایەنگری ئەلۆنسۆدا هەیە.
بارودۆخەکە لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، بەپێی هەمان سەرچاوە لە لێواری تەقینەوەدایە، ئەو یاریزانانە گوشار دەکەن بۆ گۆڕانکاری، یان راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی ئەلۆنسۆ لە پێکهاتە و ستایلی یارییکردنی تیپەکەدا دەیکات، یان گۆڕانکاری لە دەستەی راهێنەران.
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوەیە، لیستی یاریزانە لایەنگرەکانی ئەلۆنسۆ کە لە تیپەکەدا دڵخۆشن و کێشەیان لەگەڵ راهێنەرەکەدا نییە، تەنیا هەریەکە لە کۆرتوا، ئێمباپێ، میلیتاو و گولەر دەگرێتەوە.
ژمارەیەک یاریزانی دیکە بەهەمان شێوە دۆخیان لەگەڵ ئەلۆنسۆ باش نییە، بەڵام پێناچێ خۆیان بەلای بەرەی دژ بەو راهێنەرەدا یەکلاکردبێتەوە، لەوانەش ئیندریک کە تەنیا چەند خولەکێک یارییکردووە بەدرێژایی وەرزەکە، هەروەها سیبایۆس کە زۆر کەم لە یارییەکاندا بەشداریی دەکات.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئێستا لە ریال مەدرید و لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا وتەیەک لەسەر زاری یاریزانە ناڕازییەکانە کە دەڵێ، "باشترین راهێنەری ریال مەدرید ئەوەیە کە رۆیشت یان ئەوەی لە داهاتوودا دێت، نەک ئەوەی ئێستا راهێنەری تیپەکەیە".
بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکان، ناڕازیترین یاریزانی نێو ژووری جلگۆڕینی تیپەکە، ڤینیسیۆس جۆنیۆرە کە تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەلۆنسۆ، ئامادەنەبووە گرێبەستەکەشی نوێبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ