رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێکی کەم لە دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتیکردنی ئێریک تێن هاگ، لە راهێنەرایەتی یانەی بایرلیڤەرکوزن، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی هۆکاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە ئاشکرا دەکات.
تێن هاگ، رۆژی 1-9-2025 دوای تەنیا 62 رۆژ لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی بایرلیڤەرکوزن و ئەنجامدانی تەنیا سێ یاری وەکو راهێنەری یانەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی هۆکارەکانی دوورخستنەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "راهێنەرەکە لە یانەکەدا لەگەڵ هیچ کەسێک رێکنەدەکەوت، تەنانەت پەیوەندیی لەگەڵ ئەو ستافەش باش نەبوو کە لەگەڵ خۆی بردبوویە ئەڵمانیا، جگە لەوە یاریزانەکان لەوە تێنەدەگەیشتن کە بۆچی ئەنجامدانی پاڵنەرەکان لە یارییکردن بە تۆپ گرنگترە."
سەرچاوەکە نووسیوویەتی "کەشوهەوایەکی زۆر سارد لەنێو تیپەکەدا هەبوو، یاریزانەکان هیچ بیرۆکەیەکیان نەبوو لەبارەی ئەوەی پێویستە لەنێو یاریگەدا چی بکەن، بۆیەش بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە درا."
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری هۆڵەندی بە یەکێک لە خراپترین راهێنەرەکانی مێژووی بایرلیڤەرکوزن دادەنرێت، راهێنەرەکە لە 2 یاریی بوندسێلگادا راهێنەری یانەکە بوو، هیچ یارییەکی نەبردەوە، تیپەکەی 5 گۆڵی بەرامبەر تۆمارکرا.
ئێستا یانەی بایرلیڤەرکوزن بێ راهێنەرە و چەند راهێنەرێک بەربژێرن بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیکردنی یانەکە وەربگرن، لەوانەش ماتیاس یایسلێ، راهێنەری یانەی ئەهلی سعودی و پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا و ئانج پوستیگوکلۆ، راهێنەری پێشووی یانەی تۆتێنهام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ