رووداو دیجیتاڵ
رۆدریگۆ دی پاوڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی نهێنی ئەو دەمەقالێیە ئاشکرا دەکات کە لە یاریی بەرازیل و ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 روویدا و تاوەکو ئێستا نە مێسی و نە رۆدریگۆ باسیان نەکردووە.
یارییەکە رۆژی 21ـی11ـی2023 لە بەرازیل ئەنجام درا و هەر زوو کێشە کەوتە نێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە و پۆلیسی بەرازیلی لە هاندەرانی ئەرجەنتین دا، کە دەستیان بە کورسی شکاندن کرد و یاریزانانی ئەرجەنتین بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە چوونە دەرەوە و نیو کاژێر یارییەکە دواخرا.
ئەو گرژی و کێشانە گەر لەنێو پەیژەکانی یاریگەدا نەمانەوە و پەڵیان کێشا بۆ ناو یاریگا، کە یارییەکی زۆر تووند بوو، ناوبژیوان 43 هەڵی دژی یاریزانانی ەبرازیل گرت، سێ کارتی زەرد و سوورێکی بەرووی بەرازیلییەکاند ابەرزکردەوە.
لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر دەمەقاڵێی نێوان دی پاوڵی یاریزانی ئەرجەنتینی و رۆدریگۆی یاریزانی بەرازیلی بوو، کە دواتر لیۆنێل مێسی کاپتنی ئەرجەنتینی دەستوەردانی کرد.
ئەوکات چەندین سەرچاوە بەچەندین شێوە بەسەرهاتەکەیان گێڕایەوە و باسی ئەو قسانەیان دەکرد کە رۆدریگۆ و مێسی لەگەڵ یەکدییان کردووە،
دی پاوڵ نهێنییەکە ئاشکرا دەکات و لەو بارەیەوە دەڵێت "لە یارییەکەماندا بەرامبەر بەرازیل گرژی زۆر هەبوو. رۆدریگۆ بە مێسی گوت "تۆ باشترین یاریزانی جیهان نیت و مەدرید لە بارسێلۆنا گەورەترە". مێسی تووڕە نەبوو، تەنیا زەردەخەنەی کرد و بەهێمنی وەڵامی دایەوە "هەرگیز گوێت لێم بووە بڵێم من باشترینم؟. ئەی بارسێلۆنا؟ ئەو یانەیەکی گەورەیە و مێژووی دروستکردووە و پێویستی بە بەرگری من نییە".
دی پاوڵ هەروەها دەڵێت "ئینجا لە دوای یارییەکە لە تۆنێلی ژووری جلگۆڕیندا، مێسی لە رۆدریگۆ نزیکبووەوە و پێیگوت: پێش ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە ببیتە یاریزانێکی گەورە، دەبێت فێربیت رێز لە رکابەرەکەت بگریت. تۆپی پێ لەخۆبایی بوون نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەسایەتی و عەقڵییەتەوە هەیە. تۆ بۆ یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید یاری دەکەیت، تۆ دەبێت بەرزتر بی لە ئاستی ئەم وشانە".
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، زیاتر دەڵێت "لەو کاتەدا تێگەیشتم کە جیاوازی نێوان مێسی و ئەوانەی دیکە ئەوەیە کە لیۆ پێویست ناکات مشتومڕ بکات. ئەوەندە بەسە سەیری ریکۆردەکانی بکەین: ئەو لە بەرازیلی بردەوە، شکستی بە مەدرید هێنا، کۆپا ئەمریکا و مۆندیالی بردەوە. ئەو هەموو شتێکی بە بێدەنگی کرد. ئەمە مێسییە... کوڕی بارسێلۆنا و باشترین لە مێژوودا".
ئەو یارییە بە بردنەوەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهات و بووە سێیەم دۆڕانی بەرازیل بەسەریەکەوە، کە یەکەم شکستی بەرازیل بوو لەسەر یاریگای خۆی لە مێژووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا.
ئەوکات هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ وا بڵاویانکردەوە، کە رۆدریگۆ لە تۆنێلی ژووری جلگۆڕیندا بە مێسی گوتووە، ئێوە ترسنۆکن، بۆچی چوونەتە دەرەوە؟ مێسیش پێیگوتووە، ئێمە پاڵەوانی جیهانین، بۆچی بترسین؟! ئیمە بۆیە چووینە دەرەوە بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن و دۆخەکە هێور ببێتەوە، ئەم خەڵەکە خێزانیان هەیە و نامانەوێت رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ