کۆلیبالی؛ بە مەیموون بانگیان دەکردم

04-10-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

چەند یاریزانێکی ئەفریقی لە یاریی نێوان ناپۆلی و فیۆرێنتینا درووشمی رەگەزپەرستییان لە دژ گوتراوەتەوە.

رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت ئیتاڵی بڵاویکردەوە: "لە لایەن هاندەرانی یانەی فیۆرێنتینا، سێ یاریزانی یانەی ناپۆلی دروشمی رەگەزپەرستی لە دژیان گوتراوەتەوە کە بریتین لە خالیدۆ کۆلیبالی، ڤیکتۆر ئۆسمین و زامبۆوا ئەنگیزا، کە هەرسێکیان یاریزانی هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەفریقان".

خالیدۆ کۆلیبالی یاریزانی هەڵبژاردەی سەنیگال و یانەی ناپۆلی  لە تویتەر بێزاری خۆی سەبارەت بە گوتنەوەی درووشمی رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی ئیتاڵیا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "هاندەرانی فیۆرینتینا پێیان دەگوتم مەیموون، ئەو کەسانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە وەرزشەوە نییە. داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵی دەکەم رێگە بە کەسانێک نەدەن بێنە نێو یاریگەکان کە درووشمی رەگەزپەرستی دەڵێنەوە".

لە لایەکی دیکەوە ڤیکتۆر ئۆسمین ئەستێرەی ناپۆلی و هەڵبژاردەی نەیجیریا بەهەمان شێوەی کۆلیبالی بێدەنگی شکاند و نووسیویەتی: "قسە لەگەڵ منداڵەکانت، دایک و باوکت بکە و تێیبگەیەنە کە رقلێبوونەوە لە مرۆڤێک بەهۆی رەنگی پێستییەوە چەندە قێزەونە. نا بۆ رەگەزپەرستی".

لەلای خۆیەوە یانەی فیۆرێنتینا ئیدانەی ئەو رەفتارەی هاندەرانی یانەکەی کرد لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان فیۆرێنتینا و ناپۆلی لە یاریگەی ئارتیمۆ فرانکی و سوورن لەسەر ئەوەی رێکاری توند لە دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە درووشمی رەگەزپەرستییان لە دژی یاریزانانی ناپۆلی دەڵێنەوە.

جۆ بارۆن، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی شاری ڤیۆلا رایگەیاند: "دەستبەجێ یانەی فیرۆنتینا داوای لێبووردنیان کرد سەبارەت بەو رووداوە نەخوازراوە، هەروەها سەرجەم بەڵگە ڤیدیۆیەکانی ئەو کەسانەمان لەبەردەستە کە درووشمی رەگەزپەرستی دەڵێنەوە و لێپێچنەوە لەو کەسانە دەکرێت کە درووشم دژی یاریزانانی یانەی ناپۆلی دەڵێنەوە". 

لە گەڕی حەوتەمی سێریا ئەی ئیتاڵیا، یانەی ناپۆلی توانی حەوتەم سەرکەوتن لەسەر لە خولی ئیتاڵی دەستەبەر بکات، دوای ئەوەی توانی بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەسەر فیۆرێنتینا سەربکەوێت.

یانەی ناپۆلی بە ئەنجامدانی 7یاریی بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی سێریا ئەی گرتووە و پلەی دووەمیش بۆ یانەی ئەیسی میلانە کە 19 خاڵی کۆکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە