رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید تووشی دۆڕانێکی کتوپڕ بوو بەرامبەر ئۆسەسۆنای میواندار بە ئەنجامی 2-1 ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی بیست و پێنجەمی لالیگا، ئەمەش یەکەم دۆڕانی یانەکەیە لە خولەکەدا لەوەتەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک راهێنەری تیپەکە دەستبەکاربووە.
یاریزانانی ریال مەدرید ئاستێکی لاوازیان لە یاریگای ئۆسەسۆنا پێشکێش کرد، راول ئەسینسیۆ و هاوڕێکانی چەندین هەڵەیان لە بەرگریدا کرد.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو کاژێر لە نیوەی یەکەم کە دەرفەتی زۆری تێدا نەبوو، ئانتی بۆدیمیر گۆڵی یەکەمی بۆ ئۆساسۆنا لە خولەکی 38 دا تۆمارکرد، کاتێک لێدانێکی سزای بە سەرکەوتوویی لە تۆڕی تیبۆ کۆرتوا جێگیرکرد و تیپەکەی بە ئەنجامی 1-0 پێشخست.
ریال مەدرید لە نیوەی دووەمدا بارودۆخەکەی راستکردەوە، لە خولەکی حەفتادا، یانەی شاهانە لە رێگەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەڕازیلییەوە گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد، ڤینیسیۆس پاسێکی سەرنجڕاکێشی لەنێو ناوچەی سزاوە لە ڤاڵڤێردییەوە پێگەیشت و تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی گۆڵەوە و ئەنجامەکەی کردە 1-1.
لە خولەکی سێیەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، راول مۆرۆ هێرشبەری ئۆسەسۆنا یاریی بە بەرگری ریال مەدرید کرد و بە شێوەیەکی نایاب لە راول ئەسینسیۆ تێپەڕی، تۆپەکەی ئاڕاستەی گۆڵ بکات و گۆڵی دووەمی تیپەکەی لە کاتێکی کوشندەدا تۆمار بکات.
یاریزانانی ئۆسەسۆنا توانییان لە خولەکەکانی کۆتایی کاتی زیادکراودا خۆڕاگر بن و بردنەوەیەکی بەنرخ بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا ریال مەدرید یەکەم دۆڕانی لە لالیگا لەگەڵ راهێنەر ئەلڤارۆ ئەربێلوا تاقیکردەوە.
بەو ئەنجامە، کۆی خاڵەکانی ریال مەدرید لە 60 خاڵدا چەقی دوای 25 یاری، بە جیاوازی دوو خاڵ لە پێش بارسێلۆناوەیە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە دەرفەتێکی زێڕینی لەپێشە بۆ گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندی کاتێک سبەی یەکشەممە میوانداری لیڤانتی دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆسەسۆنا دوای ئەم بردنەوەیە سەرکەوت بۆ پلەی نۆیەم و خاڵەکانی گەیاندە 33 خاڵ، دوای تۆمارکردنی نۆیەمین بردنەوەی لەم وەرزەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ