ئارسیناڵ چاوی لە پێشەنگی پرێمەرلیگە

04-11-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ ئارسیناڵ نیوکاسڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتێکی قورس و پڕ مەترسی بۆ نیوکاسڵ، ناونیشانی لووتکەی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ دەبێت، کاتێک ئارسیناڵ خۆی لە سانت جەیمس پارکدا دەبینێتەوە، بەرامبەر نیوکاسڵی شەشەمی ریزبەندییەکە.
 
ئارسیناڵ کە هاوشێوەی تۆتێنهامی پێشەنگی خولەکە، ئەمساڵ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ویستی بەردەوامیدان بە ئەنجامە باشەکانی لە نێو ئەو یاریگەیەدا هەیە کە لە دوا سەرداندا بۆی لە هەفتەی سی و پێنجی وەرزی رابردوودا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابوو.
 
تیپە لەندەنییەکە ئەگەرچی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لەسەردەستی وێستهام لە جامی کاراباو کەپ کرایە دەرەوە، بەڵام پێناچێ ویستی ئارسیناڵ ئەمساڵ خۆی لە بەدەستهێنانی هیچ نازناوێکی دیکەدا ببینێتەوە جگە لە پرێمەرلیگ نەبێت، کە رکابەرییەکی تووند لە نێوان گەورەکان بەخۆوە دەبینێت تا دوا هەفتەی خولەکە.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، ئارسیناڵ بەتەنیا دوو خاڵ لە تۆتێنهامی پێشەنگەوە دوورە و یانەکە هەلی دڵنیابوونەوە لە پێشەنگایەتی خۆی لەبەردەستدا دەبێت ئەگەر بەئەنجامێکی باشەوە لە یارییەکەی ئەمڕۆ بێتە دەرەوە، چونکە تۆتێنهامی پێشەنگ، یارییەکی قورسی بەرامبەر چێڵسی هەیە لە دووشەممەی داهاتوودا.
 
نیوکاسڵی خانەخوێ لای خۆیەوە، ورەیەکی بەرزی بۆ یارییەکە هەیە. ئەو یانەیە کە لە کۆتایی هەفتەدا مانچێستەر یونایتدی لە جامی کاراباو کەپ بەبردنەوەیەکی گەورەوە دەرکرد، لە پرێمەرلیگ خاڵی بەرچاوی لەدەستداون، بەڵام لە هەفتەکانی رابردوودا تیپەکە خۆی گرتەوە و ئەنجامەکانی باشبوون و نایەوێت چیدیکە خاڵ لەدەست بدات.
 
نیوکاسڵ کە پێدەچێ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی هەریەکە لە سڤین بوتمان و ئەلیکساندەر ئیساک بێبەش بێت، پێویستی بەدەرکەوتن بەخێراییەکی زۆر و گوشار دروستکردن لەسەر تیپەکەی میکێل ئارتێتا هەیە کە ئەمساڵ بەگوشاری بەرز و هێرشبەرییەکی زۆرەوە رووبەڕووی رکابەرەکانی دەبێتەوە.
 
ئێدی هاو دەتوانێ ئیلهام لە شکستە گەورەکەی مان یونایتد لە کاراباو کەپ وەربگرێت، بۆ ئەوەی رێگەی سەرکەوتنێکی دیکە بۆ تیپەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەرکەکە ئاسان نییە لەسایەی هێز و گوڕوتینی ئارسیناڵدا کە ئەمساڵ پاش ساڵانێکی زۆر گرێکوێرەی مانچیستەر سیتیشی کردەوە و پێناچێ بەئاسانی دەست لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە هەڵبگرێت.
 
ئارتێتا گوتوویەتی ئەوان خاڵە بەهێزەکانی نیوکاسڵ دەزانن و لە یارییەکەدا بەئارامییەوە کار بۆ سەرکەوتن بەسەریاندا دەکەن. بەڵام پێناچێ نە ئارتێتا خۆی لەسەر هێڵی یاریگە و نە یاریزانەکانی لە نێو یاریگەدا، ئەمشەو ئارامبن، تاوەکو دڵنیانەبنەوە لەوەی بردنەوەیەکی دیکەیان لە پرێمەرلیگدا بەدەستهێناوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە